هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ کۆتایی هێنان بە پاشماوەکانی داعش کۆدەبێتەوە

وتەبێژی هاوپەیمانان باس لە چالاکییەکانی مانگی ئادار دەکات

چەند پێشمەرگەیەک لە سەنەگەردا فۆتۆ: لە تویتەری وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش وەرگیراوە
چەند پێشمەرگەیەک لە سەنەگەردا فۆتۆ: لە تویتەری وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش وەرگیراوە

K24- هەولێر:

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کۆتایی ئەم مانگە بۆ زیادکردنی گوشارەکان و لەناوبردنی یەکجارەکی پاشماوەکانی داعش لە عێراق و سوریا کۆدەبنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەبەوە دەکات، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە، لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، سۆفی ویڵمز، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی فراوانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەن.

کۆبوونەوەکە 30 ئەم مانگە (ئادار) لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەرێوەدەچێت. ئامانجی لێی پێداچوونەوەیە بە هەوڵە بەردەوامەکان لە کەمپەینی دژی داعش بە مەبەستی لەناوبردنی یەکجارەکی هەرەشەکانی داعش.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ، وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی دژ بە داعش، لە تویتێکدا رایگەیاند، لە مانگی مارس (ئادار)، هاوبەشەکانمان لە عێراق وسوریا، 50 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە:  ''ئۆپەراسیۆنەکان رێگریانکردووە لە ئەنجامدانی 62 کردەوەی تیرۆرستی لەلایەن تیرۆستانەوە''.