پترایۆس: جێگرەوەی پێگەی ئەمریکا لە عێراق و سووریادا نییە

"ھۆکارێکی سەرەکی بە ھێزبوونی داعشە لە ناوچه‌كه‌دا"

K24 - ھەولێر

بەرپرسی پێشووی دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا رایگەیاند لاوازبوونی پێگەی ئەمریكا لە عێراق و سووریا بارودۆخەكە بەرەو خراپتر دەبات و ھیچ جێگرەوەیەك بۆ پێگەی ئەمریكا لە عێراق و سووریادا نییە.

دەیڤد پترایۆس، بەرپرسی پێشووی دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا (سی ئای ئەی) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی پی بی ئێسی ئەمریکی گوتی: "ماوەیەكی زۆری خایاند تا بەرپرسانی ناوچەکە و ئەمریکاش لەوە تێبگەن، کە لاوازبوونی پێگەی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، بارودۆخی عێراق بەرەو خراپتر دەبات و بارودۆخی سووریاش دەگەیەنێتە خاڵێکی مەترسیدارتر".

گوتیشی: "ھیچ جێگرەوەیەك بۆ پێگەی ئەمریکا لە عێراق و سووریادا نییە و لاوازبوونی پێگەی ئەمریکا لە عێراق ھۆکارێکی سەرەکی بە ھێزبوونی داعشە لە ناوچه‌كه‌دا".

پترایۆس، ره‌فتاره‌كانی حکوومەتی عێراق و ئەو جیاوازییەی لە نێوان شیعە و سوننە ده‌یانكات، بە ھۆكاری بەھێزبوونی داعش لە عێراق و كه‌وتنی مووسڵ به ‌ده‌ستی داعش لە ساڵی 2014دەزانێت و ده‌ڵێت: "بەھێزبوونی داعش لە عێراقدا بە ھۆی سیاسەتە هه‌ڵه‌کانی حکوومەتی عێراق بوو".