پەیامێک لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

پێویستە ئەو پەرلەمانتارە داوای لێبووردن لە خانمان بکات

بارەگای ئەنجوومەنی باڵای خانمان
بارەگای ئەنجوومەنی باڵای خانمان

K24 – ھەولێر:

 ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، "بەداخەوە ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا، لەلایەن پەرلەمانتارێک و نوێنەرێکی گەلەوە هێرشکرایە سەر رۆل و پێگەى ژنانی کوردستان، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ڕق و کینەو ناتەبایی کۆمەڵایەتى لە هەرێمی کوردستاندا".

 ھەروەھا لە پەیامەكەدا ھاتووە، "پێویستە ئەو پەرلەمانتارە داوای لێبووردن لە خانمان بکات و پەرلەمانتاران بە گوێرەى ئەو پەیڕەو و یاسایانەى کە خۆیان دەریان کردووە رێز لە ژنان بگرن و رێگەنەدەن جارێکی تر لەم ناوەندە باڵایەى یاساداناندا لە هەرێمی کوردستان، کەسانێک هەبن کە سوکایەتی بە ژن بکەن". ئەمەی خۆارە دەقی پەیامەكەیە:

دەقی پەیامی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان:

لەگەڵ ئەوەى پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتەو پیرۆزی خۆی هەیە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن کەسێکەوە کە نوێنەری گەلە، سوکایەتی بە رۆل و پێگەى رەگەزی مێینە دەکرێت، دەستەواژەی نەگونجاو لە دژی خانمان بەکاردێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و شڵەژانی رەوشی کۆمەڵایەتی.

بەداخەوە ئەمڕۆ چوارشەممە 31ى ئاداری 2021 لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا، لەلایەن پەرلەمانتارێک و نوێنەرێکی گەلەوە هێرشکرایە سەر رۆل و پێگەى ژنانی کوردستان، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ڕق و کینەو ناتەبایی کۆمەڵایەتى لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، کە لە روانگەى هێڵە گشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ یەکسانی نێوان هەردوو رەگەز دەکات لە سەرجەم بوارەکاندا، بەنیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەم هەڵوێستە ناڕەواییەی ئەو پەرلەمانتارەو بە پاشەکشێی دەزانێت لە بەرەوپێشچوونی یەکسانی و دیموکراتیەت و ئازادی لە هەرێمی کوردستاندا.

بۆیە پێویستە ئەو پەرلەمانتارە داوای لێبووردن لە خانمان بکات و پەرلەمانتاران بە گوێرەى ئەو پەیڕەو و یاسایانەى کە خۆیان دەریان کردووە رێز لە ژنان بگرن و رێگەنەدەن جارێکی تر لەم ناوەندە باڵایەى یاساداناندا لە هەرێمی کوردستان، کەسانێک هەبن کە سوکایەتی بە ژن بکەن.

ئێمە لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، هەموو هەوڵێکمان بۆ بەرزڕاگرتنی رۆل و پێگەى ژنان بێت لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان

31ی ئاداری 2021