سوپای ئیسرائیل: 100 هەزار هێرشمان کردووە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئێستا هێزەکانیان نزیکەی 100 هەزار هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانیان.
لەوبارەوە رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لەو 100 هەزار هێرشەی سوپا، 65 هەزار ئامانج لە کەرتی غەززە و 28 هەزار ئامانجیش لە لوبنان و سووریا بوون. سوپای ئیسرائیل روونیکردەوە، 4 هەزار و 500 ئامانج لە ئێران و 80 ئامانجی دیکەش لە یەمەن پێکراون.
سوپای ئیسرائیل هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ئامانجەکان یان زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەو هێرشانە نەخستووەتە روو. هاوکات سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، لە ماوەی سێ ساڵدا 970 سەربازی ئیسرائیلی لە کاتی ئەرکدا کوژراون.
ئەم ئامارانە لە کاتێکدان، ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دا تێپەڕی، کە لەو هێرشەدا 1,200 ئیسرائیلی کوژران و 251 کەسی دیکەش رفێندران. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، لە جەنگی دوای ئەو هێرشەدا زیاتر لە 74 هەزار فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژراون.
داتاکانی ئیسرائیل دەریدەخەن، لە کاتی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەردا نزیکەی 6 هەزار چەکداری حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئیسرائیل.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دووشەممە رایگەیاند، تا ئێستا 4 هەزار لەو 6 هەزار چەکدارە کوژراون. کاتز جەختیکردەوە، فەرمانی بە سوپا کردووە بەدواداچوون بۆ ئەو 2 هەزار چەکدارەی دیکەش بکەن و بیانکوژن.
ماوەی سێ ساڵە، ئیسرائیل لە چەند بەرەیەکدا جەنگ دەکات، بەتایبەت لە لوبنان دژی حزبوڵڵا، کە لەلایەن تارانەوە پشتگیری دەکرێت، هەروەها رووبەڕووی ئێران بووەتەوە.