بانکی ناوەندیی ئێران دوو ملیار دۆلار دەخاتە بازاڕەوە
بانکی ناوەندیی ئێران رایدەگەیەنێت، بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو و کەمکردنەوەی کاریگەریی سزاکانی ئەمریکا، بڕی دوو ملیار دۆلار دەخەنە بازاڕەوە، سەرۆکی بانکەکەش پەیامێک ئاراستەی ئیدارەی ترەمپ دەکات و دەڵێت، کێشەی کەمیی دراوی بیانییان نییە و بەرگەی فشارەکان دەگرن.
عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، بانکەکەیان دوو ملیار دۆلار دەخاتە بازاڕی دراوەوە. ئاماژەی بەوەش دا، لە قۆناخی یەکەمدا یەک ملیار دۆلار بۆ بازاڕ دابین کراوە و فرۆشتنی رۆژانەی دۆلاریش بەردەوام دەبێت.
عەبدولناسر هیمەتی روونیکردەوە، ئەم هەنگاوە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ و کەمکردنەوەی کاریگەریی سزاکانە. جەختی لەوەش کردەوە، تاران دەیەوێت بە دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا پێشان بدات، وڵاتەکەی کێشەی کەمیی دراوی بیانیی نییە و توانای بەرگەگرتنی فشارە ئابوورییەکانی هەیە.
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران باسی لەوە کرد، ئەو دوو ملیار دۆلارە هەموو یەدەگی وڵاتەکە نییە و لە کاتی پێویستدا دەتوانن بڕەکەی زیاد بکەن. هیمەتی گوتیشی، "بەرزبوونەوەی نرخی دراو بەهۆی کەمیی دۆلارەوە نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی شەڕی دەروونی و چاوەڕوانیی نەرێنیی بازاڕە."
لە ئێستادا بانکی ناوەندیی ئێران رێگە بە هاووڵاتییان دەدات لە رێگەی سیستمە فەرمییەکانەوە تاوەکوو 10 هەزار دۆلار بکڕن. هاوکات بەرپرسانی ئابووریی تاران دەڵێن، دەستوەردان لە بازاڕدا تاوەکوو کاتی گەیشتن بە سەقامگیریی دراوی نیشتمانی بەردەوام دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، بەشێکی گەورەی دراوی بیانیی ئێران لە دەرەوە بلۆک کراوە و لەژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی تاراندا نییە. دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی 2021 کۆی یەدەگی دراوی ئێرانیان بە نزیکەی 122 ملیار دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام ئێستا تەنیا بەشێکی کەمی ئەو داراییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ بەردەستە.
سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی نەوت و بانکی ئێران وایان کردووە، دەستڕاگەیشتنی تاران بە سیستەمی دارایی جیهانی زۆر سنووردار ببێت، ئەمەش فشارێکی زۆری خستووەتە سەر بەهای تمەن بەرانبەر بە دۆلار و زۆرجار بانکی ناوەندیی ئێران ناچار دەکات بۆ رێگریکردن لە داڕمانی زیاتری دراوەکەی، دۆلاری یەدەگ بخاتە بازاڕەوە.