شرۆڤه‌كارێكی سیاسی: پێداگیری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵی له‌باربردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی شكستپێهێنا

پێداگیری سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌وڵی له‌باربردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی شكستپێهێنا

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

له‌ كۆتایی ساڵی رابردووه‌وه‌ تا په‌سندكردنی بودجه‌ی ئیتیحادی، هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن كه‌وتبوونه‌ وێزه‌ی قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵیانده‌دا به‌غدا وه‌ك ناوه‌ندێك، هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی دیكه‌ی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڵام به‌ هۆی سووربوونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و چه‌سپاندنی مافی هاووڵاتیانی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی ئیتیحادیدا، دوێنێ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ په‌سندكرا، وه‌ك ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتیحادی رێككه‌وتبوو.

له‌و باره‌یه‌وه‌، د. سۆران به‌رزنجی، چاودێر و شرۆڤه‌كاری سیاسی، له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، رایگه‌یاند، یەكێك لە دەستكەوتە هەر بەرچاو و گەورەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە هیچ پاساوێكی سیاسیی و یاسایی بەدەست نە حكوومەتی بەغدا و نە لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە نەهێشتەوە بۆ ئەوەی لەژێر بیانووی ئامادەیی نەبوونی كوردستان بۆ رێككەوتن دژایەتی هەرێمی كوردستان بكەن.

گوتیشی: جەنابی سەرۆكی حكوومەت تەنیا 6 رۆژ لە دەستبەكاربوون و متمانەپێدانی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە سەردانی بەغدا كرد و لەوێ نیازپاكیی و ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی بۆ رێككەوتنی گشتگیر و هاوسەنگ لەسەر بنەمای دەستوور بە حكوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكانیش راگەیاند.

له‌ باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئیتیحادییه‌وه‌، گوتیشی: لە پرسی رێككەوتنی بودجەدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەم ژیرانە و هەمیش پێداگیرانە مامەڵەی كرد. لەلایەك نەیدەهێشت پاساوی دژایەتیكردنی كوردستان بەدەستی لایەنە دژەكان بە كوردستان و بەرژەوەندییەكان و مافەكانی خەڵكی كوردستان بداتە دەست. لەلایەكی دیكەشەوە نەیدەهێشت بەناوی بودجە و پشكی هەرێمی كوردستانەوە تەسلیمی ئەو ئەجێندایە بێت كە دەیویست ئیرادە بەسەر هەرێمی كوردستاندا بسەپێنێت.

ئه‌و شاره‌زایه‌ی سیاسه‌ت له‌ میانی خستنه‌ڕووی بۆچوونی له‌سه‌ر سیاسه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتیكرده‌وه‌، رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر داڕشته‌ی یاسایی بودجه‌ی ئیتیحادی بۆ ساڵی 2021، ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بوو و گوتیشی: لەمیانەی ئەم رێككەوتنەوە توانرا زۆر ئەجێندای مەترسیدار پوچەڵ بكرێنەوە.

د. د. سۆران به‌رزنجی، چاودێر و شرۆڤه‌كاری سیاسی پۆلێنی ئه‌جێندار مه‌ترسیداره‌كانی كرد، كه‌ به‌ هۆی رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ و به‌ پێداگیری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پووچه‌ڵكرانه‌وه‌ و گوتی: ئه‌جێندا مه‌ترسیداره‌كان زۆربوون، له‌وانه‌:

1- لەسەر ئاستی عێراق بەهیچ شێوەیەك بواری ئەوە نەدرا، كە دۆسیەی نەوت و سامانە سرووشتییەكان رادەست بكرێت و جگە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لایەنێكی دیكە دەسەڵاتی ئیدارەدانی نەبێت.

2- هەروەك رێگەش نەدرا كە پرسی بودجە بكرێتە بەدیلی پرسە زیندووەكانی دیكەی وەكو ناسنامە و پێگەی كوردستان لە عێراقدا، چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پرسە نەتەوەییەكانی دیكە.

3- رێگه‌ش گیرا لەوەی كە یاسای دادگای فیدراڵی بەو شێوەیەی كە پیلانی بۆ دانرا بوو كە لە عێراقدا ویلایەتی فەقیھ دروست بكرێت و پەیوەستكردنی ئەمە بە پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراقەوە.

4- لەسەر ئاستی ناوخۆییش رێگیری كرا لەوەی كە هەندێك لایەنە فشار بۆسەر حكوومەتی هەرێم دروست بكەن و لە رێگەی ئەو فشارانەوە ناچاری بكەن كە بەهەر شێوەیەك بێت لەگەڵ بەغدا رێك بكەوێ.

5- بەهەمان شێوەش ئەو دەنگ و هەوڵ و ئەجێندایانەی شكست پێهێنا كە هەوڵ دەدرا پارێزگاكان راستەوخۆ لەگەڵ عێراق مامەڵە بكەن و حكوومەتی عێراق، لە ئەگەری رێكنەكەوتن، بتوانێت راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ پارێزگاكانی كوردستاندا بكات.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆكی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت، له‌ هه‌وڵی رێككه‌وتندا بووه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ و راسته‌وخۆ دوای ده‌ستبه‌كاربوون، سه‌ردانی به‌غدای كرد و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كێشه‌كانیان نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رێكبكه‌ون، به‌ڵام به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كان، عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌ و حكومه‌تیش وه‌ك كاربه‌ڕێكه‌ر نه‌یتوانی هیچ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ هه‌رێم واژۆ بكات.

دواتر و له‌ چه‌ندین وێستگه‌ی جیاوازدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت پێداگری له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ژێر هیچ گوشارێك مه‌ترسی نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر.