"داوا ده‌كرا هه‌موو شتێك راده‌ستی به‌غدا بكرێت.. به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌ت گوێی له‌و ده‌نگه‌ ترسنۆكانه‌ نه‌گرت"

له‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، هێڵی سوور چی بوو له‌لای سه‌رۆكی حكومه‌ت‌؟ سیاسه‌توانێك ئاشكرای ده‌كات

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی فیدرالی عێراق بۆ ساڵی 2021 و پێداگرییه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان، هه‌وڵێكی دیكه‌ی مه‌سرور بارزانی بوو بۆ پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێم به‌ یه‌كگرتوویی.

دژوار‌ فایه‌ق، سیاسه‌توان و چاودێری سیاسی، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆی پاڵپشت بە دەستوور و یاسا و رێساکان هەمیشە داکۆکی دەکرد لەو مافانەی خەڵکی کوردستان هەیانەو دەستوور چوارچێوەکەی دیاری کردووە.

به‌ر له‌وه‌ی بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ند بكرێت، چه‌ندین هه‌وڵی لابه‌لا دران بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی عێراق راسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالی بكه‌ن، ئه‌وه‌ش زیانی بۆ سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كرد و سه‌رجه‌م ده‌ستكه‌وته‌كانی ده‌خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ دژوار فایه‌ق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هەندێک کەس و لایەن بەناو ئۆپۆزسیۆن یان هەندێک کەس و خەڵکی تر کە بەشداربوون لە حکومەت ئەوانیش فشاریان دەکردە سەر حکومەت بۆ ئەوەی تەنازولات بۆ بەغدا بکەن هەموو دۆسیەکان رادەستی بەغدا بکەن، بەڵام سەرۆکی حکومەت رێزدار کاک مەسرور بارزانی بە هاوکاری ئەنجومەنی وەزیران نەچووە ژێر باری ئەو پاڵەپەستۆیانە.

دووپاتیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت گوێی لەو دەنگە ترسنۆک و دژ بە کوردستانە نەگرت، بەڵکو هەمیشە پێداگیری دەکرد لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستورییەکانی، چەندین جاریش لەگەڵ لیژنەی دانوستکاری هەرێم دادەنیشت و گوێی لێیان دەگرت و رێنمایی دەکردن کە نەرم و دیبلۆماسی بن لەگەڵ بەغدا بەڵام تەنازول لە مافە دەستورییەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نەکەن ئەوانە هێڵی سوورن.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "کاتێک سەرۆکی حکومەت گەیشتە ئەو بڕوایەی کە دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا زۆر سەختە و هەندێک لایەنی باڵا دەست لە بەغدا دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن لە ڕێگای ئەو ئابڵوقە ئابوری و فشارە سیاسیەی کە دەیکەن بۆیە بوێرانە لە چەند بۆنە و لە هۆڵی پەرلەمانی گوتی ئێمە سازش ناکەین لە مافە دەستوریەکان و قەوارەی هەرێم، ئێمە بەرنامەی چاکسازیمان هەیە خەرج کەم دەکەینەوە داهات زیاد دەکەین مانگانەش مووچە دەدەین بەو ئیمکانیەتەی لەبەر دەستمانە".

ئه‌و سیاسه‌توانه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و گوته‌یه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت: "ئەمە پەیامێکی زۆر گرنگ و واقعی بوو بەغدا بە چاکی لێی تێگەشت کە هەرێم تەنازول لە مافە دەستوریەکانی ناکات ئەگەر رێککەوتنی هەرێم و بەغدا قبوڵ نەکرێت لە پەرلەمانی عێراقدا، ئەوا حکومەتی کوردستان ئیعتماد لەسەر داهاتی خۆی دەکات و مانگانە مووچە سەرف دەکات".

له‌ باره‌ی پێكهێنانی ئه‌و شانده‌ باڵایه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ردانیكردنی به‌غدا، ئه‌و سیاسه‌توانه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، یەکێکی تر لە بەهرە رەواکانی ئەم کابینەیە، دەسەڵاتدانە بە لایەنە بەشداربووەکانی کابینەی نۆیەم، ئەگەرچی تێبینییش لەسەر لایەنەکان هەیە، بەڵام گەورەیی و فراوانیی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکی حکومەت بوو، کە سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ھەرێمی كوردستانی بۆ بەغدا و ئەندامانی شاندەکە لە پێکهاتەی تەواوی حزبەکان بن، ئەم جۆرە حکومەتداری و کۆکردنەوەی تەواوی لایەنەکان لە شاندێکدا و نەرمی و لێهاتوویی بەڕێز (مەسرور بارزانی)، هەوێنی بەرقرارکردنی مافەکانی گەلی كوردستان بوو.