ئه‌مریكا داوای یه‌كگرتنی لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستان ده‌كات
هه‌موویان كۆبوونه‌ته‌وه، ده‌یانه‌وێت ناوچه‌یه‌كی فره پێكهاته و نه‌ته‌وه له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بنیات بنێن
K24 – ھەولێر:
یاریده‌ده‌ری نوێنه‌ری ئه‌مەریكا بۆ كاروباری سووریا، له میانه‌ی بهشداریكردینی له جه‌ژنی ئه‌كیتۆی ئاشوورییه‌كان له رۆژئاوای كوردستان له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، رایگه‌یاند، په‌یامی ئه‌مەریكا ئەوەیە، ده‌بێت ته‌واوی پێكهاته و لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستان یه‌كگرتوو بن و ئاینده‌یه‌كی هاوبه‌ش و گه‌شتر بۆ خۆیان دابین بكه‌ن.
ده‌یڤد بڕوانستین، یاریده‌ده‌ری نوێنه‌ری ئه‌مریكا بۆ كاروباری سووریا: گوتی: "په‌یامی من لێره په‌یامێكی برایه‌تی و یه‌كگرتووییه، هیوایه بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر".
ھەروەھا گوتی: "من لێره‌م و ده‌بینم، سه‌رجه‌م ئاڵای لایه‌نه‌كان ده‌بینم و هه‌موویان كۆبوونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌موویان ده‌یانه‌وێت ئامانجێكی هاوبه‌شیان هه‌بێت و ناوچه‌یه‌كی فره پێكهاته و نه‌ته‌وه له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بنیات بنێن، بۆیه په‌یامه‌كه‌ی منیش هه‌روه‌كو په‌یامی ئه‌وان وایه، كه بریتییه له یه‌كگرتوویی و هیوا بۆ ئاینده".