عه‌بدولڕه‌زاق عه‌لی: ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌رێم ده‌كرا شه‌ڕی ئیراده بوو به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌سه‌ریاندا زاڵ بوو
پێداگیری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌و حزب و لایه‌نه سیاسییانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه بوون كوردستان ئیراده‌ی خۆی راگرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بوون قه‌واره‌ی كوردستان له‌پێناو مووچه هه‌ڕاج بكرێت
K24- هه‌ولێر:
عه‌بدولڕه‌زاق عه‌لی، چاودێری سیاسی له‌باره‌ی رۆڵی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له په‌سه‌ندكردنی پشكی هه‌رێم له یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2021 گوتی: هه‌ر له سه‌ره‌تای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه، "هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌موو كێشه‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ئاماده‌ین بۆ هه‌ر جۆره گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌دا"، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، حكومه‌ته یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی عێراق له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كردووه.
ئه‌م گوتانه‌ی عه‌بدولڕه‌زاق عه‌لی له میانه‌ی میوانداریكردنی له بڵاوكراوه‌ی ده‌نگوباسی كوردستان24ـدا هاتوون و گوتی: ئه‌و ناكۆكییه‌ی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر ژماره‌ی نه‌وتی رۆژانه و بڕی پاره‌ی پشكی هه‌رێم نه‌بوو، به‌ڵكو شه‌ڕی ئیراده بوو و هه‌ندێك لایه‌نی عێراقی خواستیان بۆ چاره‌سه‌ركردنیان نه‌بوو، به شێوه‌یه‌ك كار به‌و راده‌یه گه‌یشتبوو، كه به‌م دواییانه به ئاشكرا و له شاشه‌ی تیڤییه‌كانه‌وه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان نیشان ده‌دا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێداگیری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و حزب و لایه‌نه سیاسییانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه بوون كوردستان ئیراده‌ی خۆی راگرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بوون قه‌واره‌ی كوردستان له‌پێناو مووچه هه‌ڕاج بكه‌ین، بۆیه هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌م گفتوگۆیه هه‌بوو سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا و نه‌یانهێشت ئیراده‌یان بشكێت.
گوتیشی: كاتێك بابه‌ته‌كه به‌سیاسی كرا، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بوو و شاندی هه‌رێم له‌ژێر راسپارده‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌كانیان بۆ به‌غدا ده‌كرد و هه‌ركاتێكیش سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانكار كۆده‌بووه‌وه، هه‌میشه جه‌ختی له‌وه ده‌كرده‌وه، كه "ئێمه له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین"، كه لایه‌نی به‌رامبه‌ریش ئاماده نه‌بوو له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات، مه‌به‌ستیان شكاندنی ئیراده‌ی هه‌رێم بوو، بۆیه سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیش له شه‌ڕی ئیراده‌دا سازشی له‌سه‌ر مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كرد.
هه‌روه‌ها گوتی: چه‌ندین جار له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان په‌نجه‌ی تۆمه‌تی به‌رده‌وامی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ حكومه‌تی هه‌رێم درێژده‌كرا، به‌ڵام سووربوونی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مادام شه‌ڕه‌كه سیاسییه، ئیراده‌ی خۆمان ته‌سلیم ناكه‌ین، په‌یامێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا ئاماده‌یه له‌ڕێگه‌ی ده‌ستووره‌وه چاره‌سه‌ری بۆ كیشه‌كان بدۆزێته‌وه، له‌كۆتاییشدا هه‌ڵوێست و دیدگای هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌وباره‌یه‌وه راست ده‌رچوون، هه‌ربۆیه‌ش دواجار حكومه‌تی عێراق و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش ده‌نگی به ته‌واوی مادده و بڕگه‌كانی تایبه‌ت به شایسته‌داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له یاسای بودجه دا، ئه‌مه‌ش مانای وایه، كه ره‌وایه‌تییان به‌و مامه‌ڵه‌یه داوه، كه هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی نه‌وت ده‌یكات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، فشاره‌كانی سه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌كه‌ی گه‌یشته ئاستی به‌كارهێنانی مووشه‌ك، به‌ڵام به‌رگه‌ی ئه‌و فشارانه‌ی گرت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش عه‌بدولڕه‌زاق عه‌لی نموونه‌ی په‌رله‌مانتارێكی ده‌وڵه‌تی یاسای هێنایه‌وه، كه له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "حه‌ده‌س" به‌ر له 2 رۆژ دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم دۆسیه‌ی دارایی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر نه‌كات، ئه‌و هێرشه مووشه‌كییانه‌ی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن"، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ئه‌و په‌رله‌مانتاره له‌گه‌ڵ ئه‌و هێرشه مووشه‌كیانه نه‌بوو، ته‌نیا ویستی راستییه‌كان بدركێنێت.
H.B