ھێزە عێراقییەكان جەختدەكەنەوە ھەرگیز نابێت دیاردەی چەكداری بگەڕێتەوە شنگال

"ھێزەكانی ئەمنی توانای كۆنترۆڵكردنی قەزاكەیان ھەیە"

شەنگال
شەنگال

K24 – ھەولێر:

سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشكان لە عێراق رایگەیاند پلەی دامەزراندن لە ناو ھێزەكانی ئەمنی عێراق بۆ دانیشتوانی قەزای شنگال لە پارێزگای نینەوا ھەیە و لە بودجەی 2021دا چەسپاوە، جەختیشیكردەوە، نابێت جارێكی دیكە دیاردەی چەكداری بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە.

 گوتەبێژ بەناوی ئۆپەراسیۆنەكان، لیوا تەحسین خەفاجی گوتی: "حكومەت بەردەوام دەبێت لەسەر رێككەوتنی شنگال و سوورە لەسەر جێبەجێكردنی". ئاماژەشی كرد، "رێگا نادرێت بە ھەبوونی ھیچ نموونەیەكی دیاردەی چەكداری لە شنگال".

جەختیشیكردەوە، "بەھیچ شێوەیەك ناكرێت دیاردەی چەكداری بگەڕێتەوە شنگال؛ جگە لەو لایەنانە نەبێت ئەوانەی رێككەوتنیان لەسەر كراوە". روونیشیكردەوە، "ھێزەكانی ئەمنی توانای كۆنترۆڵكردنی قەزاكەیان ھەیە".

ئاماژەشیكرد، "پلەی دامەزراندن بۆ خەڵكی شنگال ھەیە لە ناو بودجەی ئەم ساڵدا سەبارەت بە ھێزەكانی ئەمنی"، گوتیشی: "حكومەت جددیە لەسەر كردنەوەی بنكەكانی رەگەزنامە و دادگاكان لە قەزاكەدا".

ساڵی رابردوو رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی ھەرێم و حكومەتی بەغدا ئەنجامدرا و بە پێی ئەو رێككەوتنە، دەبێتە تەواوی چەكدارەكانی نایاسایی لە شنگال بچنە دەرەوە".