رۆژی جیھانی ھۆشیاری ئۆتیزم.. زیاتر لە 10 هەزار تووشبووی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان هەیە

داوای کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەت بە تواناکانی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم دەکرێت

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ رۆژی جیھانی ھۆشیاری ئۆتیزمە، لە ھەرێمی كوردستان باس لەوە دەكرێت زیاتر لە 10 ھەزار توشبووی ئۆتیزم ھەیە. دامەزرێنەری كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان گلەیی لە خەڵك دەكات بەوەى تا ئێستاش ھۆشیاری پێوسیت نییە بەرامبەر بە نەخۆشيەکە و رایگەیاند، پێویستە سەنتەرێكی تایبەت بۆ پەرپێدان بە توانا و بەھرە بۆ منداڵانی ئۆتیزم بکرێتەوە.

رەشاد خۆی و خێزانەكەی دوای 3 كچ چاوەڕێی لە دایكبوونی كوڕێكیان دەكرد، بەڵام قەدەر وای ھێنا تاكە كوڕەكەیان بەم جۆرە بێت و ئۆتیزمی ھەبێت، تەمەنی كوڕەكەیان، ئێستا 17 ساڵە، بەھرەی  گوێگرتنى هەيه و لەگەڵ هەر مۆسیقايەك، كه گوێبیستی بێت نۆتەكەى دەناسێتەوە و دەیڵێتەوە.

رەشاد محەمەد گوتی: "تا ئێستاش له كۆمەڵگاى كوردستان گاڵتە بەم جۆرە كەسانە دەكرێت و دایك و باوكانیش كە خاوەنی منداڵی ئۆتیزمن منداڵەكانیان دەشارنەوە و  لە كۆمەڵگا دووریان دەخەنەوە".

رەشاد تەواوی بەڵگەی پەروەردەیی و فێركاری  ئۆتیزمی كۆكردووەتەوە، كە دوای لە دایكبوونی كوڕەكەی و ئاشنا بوون بە ئۆتیزم ھەوڵی دا كۆمەڵەیەكی تایبەت بەم كەسانە درووست بكات و یارمەتیان بدات. لە ساڵی 2009 هەوڵەكانى سەریگرت و بووە دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەى ئؤتيزم.

رەشاد محەمەد. گوتی: "گەرجی ئێستا سەنتەر و ریكخراوی تایبەت به ئۆتیزم لە ھەرێمی كوردستان ھەیە، بەڵام دەبێت حكومەت ھەوڵی كردنەوەی سەنتەرێكی پیشەیی بۆ ئەو جۆره كەسانە بدات و  بیانگەڕێنێتەوە ناو كۆمەلگا".

ئاماره نافەرميەكان باس لەوە دەكەن لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 ھەزار كەسی ئۆتیزم ھەیە، بەڵام ئامارەكە راست نیە چونكه شارەزایانی ئەم بوارە دەڵێن: بەشێكی زۆری ھاووڵاتیان ئێستاش منداڵە تووشبووەكانیان دەشارنەوە، بەم جۆرەش لە كۆمەڵگا فەرامۆش و پشتگوێخراون و مافی ژیانیشیان لێ سەندراوەتەوە.