سه‌رۆك بارزانی: رۆژنامه‌ی (خه‌بات) مینبه‌رێکی رەسەنی گه‌یاندنی په‌یامی ئاشتیخوازی گه‌له‌كه‌مان بووە
ئێستایش ئه‌م رۆژنامه‌یه له به‌رگریكردنی ده‌سكه‌وته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییە‌كاندا رۆڵێكی به‌رچاوی هەیە و پیشەییانە پابەندی یاسا و ئاكاری رۆژنامه‌نووسییە.
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به بۆنه‌ی 62ـه‌مین ساڵیادی به‌ئاشكرا ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی(خه‌بات) په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، له بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی و ڕزگاریخوازیی گه‌لی كوردستاندا، هەمیشە رۆژنامه‌ی(خه‌بات) مینبه‌رێکی رەسەنی گه‌یاندنی په‌یامی ئاشتیخوازی گه‌له‌كه‌مان بووە. ئێستایش ئه‌م رۆژنامه‌یه له به‌رگریكردنی ده‌سكه‌وته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییە‌كاندا رۆڵێكی به‌رچاوی هەیە و پیشەییانە پابەندی یاسا و ئاكاری رۆژنامه‌نووسییە.
ده‌قی په‌یامه‌كه
په‌یامی پیرۆزبایی سه‌رۆك بارزانی به بۆنە‌ی 62ـه‌مین ساڵیادی به‌ئاشكرا ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی(خه‌بات)
به‌ناوی خودای مه‌زن و میهره‌بان
به‌ڕێزان، سه‌رنووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و كارمه‌ندانی رۆژنامه‌ی خه‌بات
سڵاو و رێز...
به بۆنە‌ی یادی 62ساڵه‌ی به ئاشكرا ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی (خه‌بات)، گه‌رمترین پیرۆزباییتان ئاراسته ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی و پێشكه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.
له بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی و ڕزگاریخوازیی گه‌لی كوردستاندا، هەمیشە رۆژنامه‌ی (خه‌بات) مینبه‌رێکی رەسەنی گه‌یاندنی په‌یامی ئاشتیخوازی گه‌له‌كه‌مان بووە. ئێستایش ئه‌م رۆژنامه‌یه له به‌رگریكردنی ده‌سكه‌وته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییە‌كاندا رۆڵێكی به‌رچاوی هەیە و پیشەییانە پابەندی یاسا و ئاكاری رۆژنامه‌نووسییە. رۆژنامه‌ی (خه‌بات) له ریزی پێشه‌وه‌دایه و هه‌میشه راستگۆیانه كاری له‌سه‌ر پێشخستنی ئاستی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیی و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی و رۆشنبیری‌دا كردووه.
وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پیرۆزبایی و سوپاسمان بۆ یه‌ك به یەكی رۆژنامه‌نووسان و كارمه‌ندانی ئه‌م رۆژنامه‌یه، هیوای سه‌ركه‌وتن و خزمه‌تی زیاترتان بۆ ده‌خوازم.
مسعود بارزانی
4ـی نیسانی 2021