جۆرێكی دیكه‌ی كۆرۆنا به ناوی "زنجیره‌ی دوانه‌یی" ئاشكرا كرا
پسۆڕان هۆشداری له خێرا بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌ده‌ن
K24- هه‌ولێر:
تاقیگه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی جۆرێكی نوێی كۆرۆنای ئاشكراكرد، كه له ناوچه‌ی كه‌نداوی ویلایه‌تی كالیفۆڕنیا، له باشووری رۆژئاوای ئه‌مه‌ریكا تۆماركراوه و ناوی "زنجیره‌ی دوانه‌یی" لێناوه.
تاقیگه‌ی ساتنفۆرد بۆ ڤایرۆس ئاماژه‌ی به‌وه كرد، لانی كه‌م (7) حاڵه‌تی ئه‌و جۆره نوێیه‌ی كۆرۆنایان ئاشكرا كردووه، كه به‌گوێره‌ی زنجیره‌ی جیناتی، شوێنی سه‌رهه‌ڵدانی "هیندستان"ه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و زنجیره نوێیه‌ی كۆرۆنا، به شێوه‌ی دوانه‌یی ده‌گۆڕێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له دوو جیناتی ڤایرۆسی پێكهاتووه، یارمه‌تیده‌ری پێوه‌لكانی خانه‌كانی ده‌بێت.
بین بینسكی، به‌ڕێوه‌به‌ری تاقیگه‌كه گوتی: "ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا نزیك بوویه‌وه، كه تووشی ئه‌و زنجیره نوێیه بوو، به‌دڵنیاییه‌وه بۆتۆش ده‌گوازرێته‌وه".
پیته‌ر چین، مامۆستای نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان له زانكۆی كالیفۆڕنیا گوتی: "ئه‌و زنجیره نوێیه، به‌زه‌یی به‌كه‌سدا نایه‌ته‌وه، زۆر خێراتر بڵاوده‌بێته‌وه له زنجیره سه‌ره‌كییه‌كه، كه له وێلایه‌تێكی هیند نزیكه‌ی (20%)ی خه‌ڵكه‌كه‌ی تووش بوون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌مه ئاساییه كه ئه‌و زنجیره نوێیه‌ی كۆرۆنا خێراتر بڵاوببێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری هه‌ردوو جیناته‌كه‌یه، كار له‌سه‌ر پێوه‌لكانی خانه‌كانی داهاتووی ڤایرۆسه‌كه ده‌كات.
د.ی