ئۆباما و ئەردۆغان جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش دەكەنەوە

"باسی دەستەڵاتی سووریا دەكەن"

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی راگەیاندراوێكی كۆشكی سپی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا جەختیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش كردوەتەوە.

لە راگەیەنراوێکدا كۆشكی سپی ئەمریكا بڵاوی کردەوە: "باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، باسیان لە شەڕی دژی رێکخراوی داعش و دۆخی سووریا کردووە و هەردوولا جەختییان لەسەر راگوزەری سیاسیانەی دەسەڵات لە سووریا کردوەتەوە".

بەپێی ‌ناوه‌رۆكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆشكی سپی: "ئۆباما و ئەردۆغان هاوڕان لەسەر بەردەوامی هەوڵەكانیان بۆ لاوازكردنی رێكخراوی داعش لە عێراق و سووریا و بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییه‌كانی دیکە، بە پەکەکەشەوە".

ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە: "سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ تورکیا وەك وڵاتێکی ئەندام لە پەیمانی ناتۆ دووپاتکردوەتەوە".