باشترینه‌كانی مانگی رابردووی خولی نایابی كوردستان خهڵاتكران
دوای ده‌ستنیشانكردنی لێژنه‌یه‌ك بۆ ده‌ستنیشانكردن و خه‌ڵاتكردنی باشترینه‌كانی مانگ له خولی نایابی كوردستان، فێدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار مه‌راسیمێكی تایبه‌تی رێكخست، باشترین راهێنه‌ر، گۆڵپارێز و یاریزانی خوله‌كه‌ی خه‌ڵات كرد.
دیاریكردنی باشترینه‌كان به‌پێی میكانیزمێكی تایبه‌ت ده‌بێت و 15 راهێنه‌ر و 15 كاپتنی یانه به‌شداربووه‌كان له‌گه‌ڵ 20 راگه‌یاندكاری ئه‌و ده‌زگا میدیایانه‌ی رۆماڵی خوله‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن ده‌نگ له‌سه‌ر باشترینه‌كان ده‌ده‌ن، به‌هۆی ئامادهنهبوونیشیان له یاریگه هانده‌ران ناتوانن به‌شداری ده‌نگدانه‌كان بده‌ن.
رزگار عه‌لی خه‌ڵاتی باشترین راهێنه‌ری پێبه‌خشرا
له ئه‌نجامی راپرسییه‌كه‌دا رزگاری عه‌لی راهێنه‌ری سیروانی نوێ به باشترین راهێنه‌ری مانگی سێ دیاریكرا كه له كۆی پێنج یاریدا چوار سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه، رزگار عه‌لی توانی24 ده‌نگ كۆ بكاته‌وه و پێش دڵشاد مه‌عرووفی راهێنه‌ری هه‌ندرێن و محه‌مه‌د یوسفی راهێنه‌ری زاخۆ كه‌وته‌وه.
نه‌ریمان خدر گۆڵپارێزی هه‌ندرێن خه‌ڵاتكرا
له‌سه‌ر ئاستی گۆڵپارێزانیش، نه‌ریمان خدر گۆڵپارێزی یانه‌ی هه‌ندرێن به كۆكردنه‌وه‌ی 18 خاڵ وه‌كو باشترین گۆڵپارێزی مانگی رابردوو خه‌ڵاتكرا و پێش ركابه‌ره‌كانی كه‌وته‌وه، كه نه‌ریمان له مانگی رابردوو له كۆی شه‌ش یاریی چوار كلین شیتی تۆمار كرد و ته‌نیا دوو گۆڵی لێكرا.
به‌هائه‌دین به‌كر بووه براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترینی مانگ
له نێوان یاریزانه‌كانیش به‌هائه‌دین به‌كر یاریزانی سیروانی نوێ 20 ده‌نگی كاپتن و راهێنه‌ران و راگه‌یاندنه‌كانی وه‌رگرت و به جیاوازی 14 خاڵ پێش دیار عه‌لی نزیكترین ركابه‌ری كه‌وته‌وه و به‌باشترین یاریزانی مانگی رابردوو دیاریكرا، كه به‌هائه‌دین له مانگی رابردوو له پێنج یاریدا پێنج گۆڵی كرد و دوو ئه‌سیستیشی بۆ هاوڕێكانی كرد.
قۆناخی یه‌كه‌می خولی نایابی كوردستان كۆتایی هات و بڕیاره له قۆناخی كۆتاییشدا و له هه‌موو مانگێك باشترینه‌كان به‌پێی هه‌مان میكانیزم به‌رده‌وام بێت و له كۆتاییشدا باشترینه‌كانی وه‌رز دیاریی ده‌كرێن.