ناسر هەرکی: پێویستە حکوومەتی فیدراڵ دەستوور جێبەجێ بکات نەک تەفسیرەکانی
د. ناسر هەرکی، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان دەسەڵاتێکی هاوبەشە و دەبێت بەپێی دەستوور و رێککەوتن بێت، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ دەستوور جێبەجێ بکات نەک تەفسیرەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، لە لێدوانێکدا لەبارەی دۆخی سیاسی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، د. ناسر هەرکی بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، ئاماژەی بەوە دا، پرسی دەروازە سنوورییەکان بەپێی دەستووری عێراق دەسەڵاتێکی هاوبەشە، بۆیە کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنیان پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە و دەبێت هەموو هەنگاوەکان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بن.
گرنگیی یەکڕیزیی کورد لەم قۆناخەدا لەبارەی ئەوەی ئێستا پێویستە کورد چ هەنگاوێک بنێت، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە بەغدا، ئەندامەکەی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە کە دەبێت هێزە کوردستانییەکان یەکگرتوو بن و واز لە بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان بهێنن.
هەروەها گوتیشی: "پێویستە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان، خاک و نیشتمان بخەینە پێش هەموو شتێکەوە و رێز لەو قوربانییانە بگرین کە گەلەکەمان داویەتی."
هاوکات، جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە حکوومەتی عێراقیش بگەڕێتەوە بۆ دەستوور نەوەک تەفسیری جیاواز بۆ دەقەکان بکات.
لە کۆتاییشدا هۆشداریی دا لە دەرەنجامی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و ڕایگەیاند: "ئەگەر لە ناوماڵی خۆماندا تەبا و یەکڕیز بین، دۆست و هاوپەیمانەکانمان پشتمان دەگرن، بەڵام ئەگەر لە ناوخۆماندا ناکۆک بین، ئەوا دۆستەکانیشمان پشتیوانیمان ناکەن."
هاوکات، پارتی و یەکێتی, راگەیەنراوەکەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق و پێشهاتەکانی چەند رۆژی رابردوویان بە چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمان بۆ هاووڵاتییانی هەرێم ناو برد و جەختیان کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی گەلە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانیشی هێڵی سوورن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو راگەیەنراوەی لە لایەن گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاو کراوەتەوە، لەگەڵ ئەو پێشهات و رێوشوێنانەی لەم چەند رۆژەدا لە عێراقدا لە ئارادان، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتوون زیاتری داوا نەکردووە، کەچی بە درێژایی ساڵانی رابردوو مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون.