روحانی لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا، عێراق تۆمەتبار دەكات
"ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لە عێراقەوە گەیشتووەتە ئێران"
K24 - ھەولێر
سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، گرنگترین هۆکاری شەپۆلی چواری ڤایرۆسی کۆرۆنا، گەیشتنی ڤایرۆسی بەریتانی بوو لە عێراقەوە.
حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی وڵاتەكەی ئاماژەی بەوەكرد، تاوەكو ئێستا سێ شەپۆلی سەختی كۆرۆنایان تێپەڕاندووە و ھەموو ھەوڵێكیان بۆ ئەوە بووە رێگری لە شەپۆلی چوارەم بكەن، بەڵام نەیانتوانی و بە سەختی رووبەڕووی شەپۆلی چوارەمیش بوونەتەوە.
روحانی، راشیگەیاند "عێراق ھۆكاری شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە لە ئێران، چونكە ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لەو وڵاتەوە گەیشتووتە ئێران".
سەرۆك كۆماری ئێران، گوتی "ئێمە پێش لە هاتنی سەری ساڵ رامانگەیاند کە چوون بۆ شارە سوور و پرتەقاڵییەکان قەدەغەیە، بەڵام هەندێک کەس ئەوەیان پێشێل کرد".