پۆچیتینۆ خۆی سه‌رپه‌رشتی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه ده‌كات

ماوریزیۆ پۆچیتینیۆ راهێنه‌ری یانه‌ی پاریس سانجێرمان هه‌وڵه‌كانی بۆ گواستنه‌وه‌ی هاری كه‌ینی هێرشبه‌ری ئینگلیزی چڕكردووه‌ته‌وه و نزیكه له‌وه‌ی رازی بكات كه درێسی یانه پاریسییه‌كه بۆ وه‌رزی داهاتوو بپۆشێت.
پێگه‌ی میره‌ری بریتانیا له راپۆرته هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه كه هاری كه‌ینی هێرشبه‌ری تۆتێنهام به ڕێژه‌یه‌كی زۆر له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه له یانه‌كه‌ی ده‌ڕوات، چونكه تۆتێنهام له پرێمه‌رلیگ خه‌ریكه به ته‌واوه‌تی له بلیتی چامپیۆنزلیگی وه‌رزی داهاتوو بێبه‌ش ده‌بێت، ئه‌مه‌ش هاری كه‌ینی ناچار كردووه كه یانه‌كه جێبهێڵێت و چه‌ندان یانه‌ی گه‌وره‌ش بۆ گواستنه‌وه‌ی له‌سه‌رهێڵن، دیارترینیان یانه‌ی پاریس سانجێرمانه.
سه‌رچاوه‌كه نووسیویه‌تی: یانه‌ی پاریس سانجێرمان ده‌یه‌وێت له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه هێرشبه‌رێكی سووپه‌رستار بگوازێته‌وه، چونكه كلیان مباپێ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش كارگێری یانه پاریسییه‌كه ناچار ده‌كات پێش ئه‌وه‌ی هاوینی 2022 به‌خۆڕایی ده‌ستبه‌رداری بن له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه بیفرۆشن.
رۆژنامه‌ی میره‌ر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه پۆچیتینۆ ده‌یه‌وێت جارێكی دیكه هاری كه‌ین بگه‌ڕێنێته‌وه ژێر سه‌رپه‌رشتی خۆی و رۆژانه بۆ رازیكردنی له په‌یوه‌ندیكردندایه.
هاری كه‌ینی ته‌مه‌ن 27 ساڵ، له یانه‌ی تۆتێنهام پێگه‌یشتووه، ئه‌م وه‌رزه له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێـییه‌كان به‌شداریی 42 یاری كردووه، 29 گۆڵ و 16 ئاسیستی تۆمار كردووه و گرێبه‌سته‌كه‌ی له هاوینی 2024 كۆتایی دێت، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
