فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ جاری چوارەم بەبێ هەڵبژاردن دەبێتەوە سەرۆکی یانەی ریال مەدرید
فلۆرێنتینۆ پێرێز بەهۆی نەبوونی هیچ رکابەرێکی بۆ جاری چوارەم بەبێ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێتەوە سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە لەسەر کورسی سەرۆکایەتی یانەکە دەمێنێتەوە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە، بەهۆی نەبوونی هیچ رکابەرێک هەڵبژاردنەکانی یانەی ریال مەدرید ئەنجام نادرێت کە لە چەند رۆژی رابردوو پێرێز بەفەرمی پاڵاوتنی خۆی بۆ سەرۆکایەتی مێرێنگی راگەیاندبوو.
دوای ساڵەکانی 2009 و 2013 و 2017 ئەمجارە دەبێتە چوارەمجار فلۆرێنتینۆ بەهۆی نەبوونی هیچ پاڵێوراوێکی دیکە بەبێ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ببێتە سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، کە تاکو ئێستا 18 ساڵە سەرۆکایەتی یانە مەدریدییەکە دەکات و تاکو ساڵی 2025 لەسەر کورسی سەرۆکایەتی یانەکە دەمێنێتەوە.
فلۆرێنتینۆ پێرێزی 64 ساڵان پێشتر ساڵی 2000 بۆیەکەمجار بووە سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و تاکو ساڵی 2006 وەکو سەرۆکی لۆس بلانکۆس مایەوە، دوای سێ ساڵ جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی یانەکە و ساڵی 2009 لە شوێنی رامۆن کاڵدیرۆن بووەوە سەرۆکی یانەکە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز لە ماوەی 18 سەرۆکایەتیدا 26 نازناوی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەدەستهێناوە کە پێنج جار وەکو سەرۆکی یانەی شایانەکان بووەتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ.