یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له ئه‌كادیمیای شاهانه‌ی به‌ریتانیای به‌ده‌ستهێنا
K24- هه‌ولێر:
ئه‌میر مه‌هدی مزوری، ئه‌و گه‌نجه‌یه كه وه‌ك یه‌كه‌م گه‌نجی پیشمه‌رگه‌ی كوردستان توانی به پله‌یه‌كی به‌رز بڕوانامه‌ی ئه‌كادیمیای شاهانه‌ی ساندهێرستی به‌ریتانی به‌ده‌ستبهێنێت، كه به‌رامبه‌ره به پله‌ی به‌كالۆریۆسی سه‌ربازی، بۆ یه‌كه‌م جاریش ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باجی ئه‌كادیمیای ناوبراو دانرا.
دوای وه‌رگرتنی بڕوانامه‌كه‌ش كه بۆ ماوه‌ی 14 مانگ به‌رده‌وام بوو، ئه‌میر مه‌هدی له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی كوردستان24 رایگه‌یاند، سه‌ره‌تا كه په‌یوه‌ندیم به ئه‌كادیمیای شاهانه‌ی ساندهێرستی به‌ریتانییه‌وه كرد، پێیان گوتم: تۆ یه‌كه‌م كورد و یه‌كه‌م پیشمه‌رگه‌ی له‌و ئه‌كادیمیایه وه‌رگیراوی، ئه‌وكات هه‌ستێكی خۆش له‌لام دروست بوو و هه‌رچه‌نده له‌ڕووی جه‌سته‌یی و ئه‌كادیمیی و شاره‌زایی له هونه‌ره‌كانی جه‌نگه‌وه ته‌واو ئاماده بووم، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا راڕا و نیگه‌ران بووم كه نه‌توانم نوێنه‌رایه‌تییه‌كی راسته‌قینه‌ی پیشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان بكه‌م.
ئه‌میر كه بڕوانامه‌ی ماسته‌ریشی له به‌رگری و شه‌ڕدا له‌و ئه‌كادیمیایه به‌ده‌ستهێناوه گوتی: به‌رله‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ئه‌كادیمیای شاهانه‌ی به‌ریتانیاوه بكه‌م، ماوه‌ی 3 مانگ له شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا وانه‌ی تواناسازیم خوێند و توانیم ئاستێكی زۆر باش پێشكه‌ش بكه‌م.
گوتیشی: سه‌ره‌تا بۆ ماوه‌ی 3 مانگ به‌بێ به‌ستنی هیچ ئاڵایه‌ك له ئه‌كادیمیاكه‌دا به‌شداربووم، چونكه ئاماده نه‌بووم وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك ئاڵای عێراق ببه‌ستم، به‌ڵام دواجار هه‌وڵه‌كانم بۆ ره‌زامه‌ندی وه‌رگرتن له‌سه‌ر به‌ستنی ئاڵای كوردستان سه‌ركه‌وتووبوون، ئه‌وه بوو بۆ یه‌كه‌م جار له مێژوودا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باجی ئه‌كادیمیای ساندهێرستی شاهانه‌ی به‌ریتانیا دانرا و توانیم به ئاڵای كوردستانه‌وه پێشوازی له فه‌رمانده‌یه‌كی پله باڵای سوپای به‌ریتانیا بكه‌م.
هه‌رله‌وباره‌یه‌وه گوتی: له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای به‌ریتانیا باسمان له هاوكارییه‌كانی به‌ریتانیا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كرد و له‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه داوام له خۆی و باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له به‌غدا كرد، ئاڵای كوردستان له‌بری ئاڵای عێراق له‌سه‌ر باجی ئه‌كادیمیای ساندهێرست دابنرێت، دوای تێپه‌ڕبوونی 3 مانگ خۆشبه‌ختانه له 3/8/2020 وه‌ڵامی داواكاریه‌كه‌م به‌ئه‌رێنی گه‌ڕایه‌وه و توانیم باجه‌كه‌م به ئاڵای كوردستانه‌وه ببه‌ستم و پاشانیش له‌لایه‌ن مامۆستا و قوتابیانی ئه‌كادیمیاكه‌وه پیرۆزباییم لێكرا.
وه‌ك ئه‌میر باسی لێوه ده‌كات، له مێژووی ئه‌و ئه‌كادیمیایه رووینه‌داوه هیچ قوتابییه‌ك به‌بێ به‌ستنی ئاڵا ده‌وام بكات و ده‌بوایه هه‌ر قوتابییه‌ك ئاڵای وڵاته‌كه‌ی ببه‌ستێت، دواجاریش ئاڵای پیرۆزی كوردستان له ریزی ئاڵای وڵاتان به‌سترا، ئه‌مه‌ش بۆ من ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بوو كه وه‌ك پێشمه‌رگه و كوردێك شانازی پێوه ده‌كه‌م و سوپاسی باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له به‌غدا و ئه‌كادیمیای ساندهێرستی شاهانه‌ی به‌ریتانیا ده‌كه‌م بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌یان.
له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ ماڵپه‌ڕی كوردستان24، ئه‌میر گوتی: كاتێك ئاڵای كوردستانیان پێ به‌خشیم، پێیان راگه‌یاندم، بۆ له‌مه‌ودوا هه‌ر كوردێك به‌شداری له‌و ئه‌كادیمیایه‌دا بكات، ئاڵای كوردستان ده‌به‌ستێت، هه‌ربۆیه دواتر خانمێك به‌ناوی میدیا مه‌ستی بۆ ماوه‌ی 2 مانگ هاته ئه‌و ئه‌كادیمیایه و ئاڵای كوردستانی پێ به‌خشرا.
جگه له‌مه‌ش وه‌ك ئه‌و پێشمه‌رگه كورده ده‌ڵێت: هه‌وڵه‌كانم ته‌نیا له‌وچوارچێوه‌یه‌دا نه‌مایه‌وه و له كۆشش به‌رده‌وام بووم تا توانیم له بری سرودی نیشتمانی عێراقی سروودی نیشتمانی كوردستان "ئه‌ی ره‌قیب" بۆ یه‌كه‌م جار له ئه‌كادیمیای شاهانه‌ی ساندهێرست بگوترێته‌وه و هه‌رسێ رۆژی 31/5 تا 2/6/2020 سروودی ئه‌ی ره‌قیب به ده‌نگێكی به‌رزی قوتابیانی به‌ریتانی، ئه‌وروپی و وڵاتانی دیكه خوێندرا و ئه‌وكات خۆشترین ساته‌كانی ژیانم بوون.
ئه‌میری پیشمه‌رگه لاوه‌كه‌ی كوردستان گوتیشی: دوای تێپەڕبوونی مانگێ لە خوێندن لە ئەکادیمیای شاهانەی ساندهێرست، لە قوتابیانی وڵاتانی دیكه جیاکراومەوە و لەگەڵ قوتابیانی بەریتانی دانرام، لەبەر ئەوەی ئاستێکی زۆر باشم لە رووی ئەکادیمی و زمانەوە نواند، بۆیە لەگەڵ قوتابیانی بەریتانی دەستمان کرد بە خوێندنی ماسته‌ر لە بەرگری و شەڕ (Defence and War Studies). وە هەروەها لە رووی جەستەییش (Physical Training) له‌ئاستێكی زۆر باش‌دا بووم و توانیم له پێشبڕكێیه‌كاندا ركابه‌ری باشترین و بەهێزترن قوتابیانی ئه‌كادیمیاكه‌م ده‌كرد، بۆیە لەگەڵ بەهێزترین قوتابیه بەریتانیەکان دانرام ئەوانەی لە پیاده (Infantry)ی بەریتانیا وەردەگیرێن. هه‌ر بۆیە لە به‌شی (GCC) دانرام، کە لەبری 15 کیلۆگرام، ئێمە بە 40 کیلۆگرامه‌وه مه‌شق و راهێنانی زۆر سەختمان يدەکرد.
هه‌روه‌ها گوتی: دوای ماوەیەك توانیم لە نێو ئەوانیشدا لە بەهێزترینەکان بم، کە لە دوا راپۆرتی دەرچوونمدا سەرۆکی ئەکادیمیای شاهانەی ساندهێرست نمرەی (Excellent)ی پێبەخشیم.
ئه‌میر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا و ده‌ڵێت: لەگەڵ ئه‌وه‌شدا هەوڵ و تەقەڵایەکی زۆرم دا بۆ بەدەست هێنانی مەدالیای ماکسمانشیپ (Marksmanship Medal)، ئه‌وه‌بوو لە رێكه‌وتی (1/12/2020) لە نێوان ژمارەیەکی زۆر لە نیشانشکێنی بەتوانای بەریتانی و وڵاتانی دیكه، توانیم لە کۆی 40 ئامانج 37 نیشانه بپێکم و مەدالیای ماکسمانشیپ بەدەست بهێنم.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، لەبەر ئەوەی وەك یەکەم پێشمەرگە و کورد لەو ئەکادیمیایە وەرگیرابووم و ناوی پێشمەرگە به‌لامه‌وه زۆر مەزن و پیرۆزە، بۆیە هەمیشە هەوڵم دەدا ئەنجامی زۆر باش بەدەست بهێنم. لێرەوە سڵاو و رێزم هەیە بۆ هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان.
H.B