كرده‌وه‌ی تیرۆریستی یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كانی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌یه‌

ته‌نها دوو پارچه‌ی تێكشكاوی فڕۆكه‌ میسرییه‌كه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

شەریف فەتحی، وەزیری فڕۆكەوانی مه‌ده‌نی میسر، لە یەكەمین كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا له‌ بارەی ونبوونی فڕۆكەكەیان، ئەگەری كرداری تیرۆرستی بەدوور نەزانی و 2 پارچەی تێكشكاوی فڕۆكه‌كه‌ دۆزرانەوە.

شەریف فەتحی، ئەوەشی راگەیاند، كە تەنھا 2 ئەگەر و ھۆكار بۆ رووداوەكەی ونبوونی فرۆكه‌كه‌ی ھێڵی ئاسمانی میسری ھەن، كە یەكێكیان كاری تیرۆریستی و رفاندنە، ئەوەی دیشكه‌یشیان ھۆكاری ته‌كنیكی.

وەزیری فڕۆكەوانی سڤیلی میسر، دووپاتیكردەووە، كە ھێشتا زووە بڕیار لە ھۆكاری ونبوونی فرۆكەكە بۆ كرده‌وه‌ی تیرۆریستی بگه‌ڕێندرێته‌وه‌.

فڕۆكەكە لە پاریسەوە بەرە و قاھیڕە بەڕێكەوتبوو، بەر لە گەیشتنی بە میسر، لە ئاسمانی دەریای ناوەڕاست بە 66 سەرنشینەكەیەوە ونبووە.

لە دوایین پێشھاتیش، باس لە دۆزینەوەی 2 پارچە لە پێكھاتەكانی فرۆكەكە لە دەریای ناوەراست، لە نزیك دوورگەی كریتی یۆنان، دەكرێت لەلایەن ھێزە دەریاییەكانی ئه‌و وڵاته‌وه‌.

لە ئێستاشدا ھێزە دەریای و ئاسمانییەكانی ناتۆ و میسر، یۆنان و ئه‌مریكا  لە پرۆسه‌ی گەڕان به‌ دوای  فڕۆكه‌كه‌ لە ھەڵمەتی بەردەوامدان.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، پانۆس كامینۆس، وەزیری بەرگری یۆنان، له‌ بارەی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە میسرییەكە گوتی: "فڕۆكەكە بەر لە ونبوونی لە نیشاندەری راداری ھێزی ئاسمانی یۆنان، چەند جارێك خوولاوەتەوە".

پانۆس راشیگەیاند، كە فڕۆكەكە بە قووڵایی 16 تا 24 كیلۆمەتر لە سنووری ئاسمانی میسری لە دەریای ناوەڕاست ونبووە.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، فڕۆكەكە لە بەرزایی 278.11 مەتر فڕیوە.

ھاوكات، دوای راگەیه‌ندراوی ناتۆ، ھێزی دەریایی یۆنان بە تەواوی ھێزی خۆی، لە گه‌ڕان و پشكنین به‌دوای پارچه‌ تێكشكاوه‌كانی فڕۆكه‌ میسرییه‌كه‌ ده‌ستپێكرد، ئەمە جگە لە پشكنینی ناوچەكە لە رێگەی فڕۆكەی ئێف 16ی ھێزی ئاسمانی یۆنان.