چەكدارە بەكرێگیراوەكانی توركیا لە لیبیا پەنا دەبەنە بەر فرت وفێڵ بۆ گەڕاندنەوەیان
وێڕای داوای بەردەوامی حكومەتی لیبیا بۆ دەرچوونی بەكرێگیراوان، توركیا خۆی بێ ئاگا دەكات
K24 – ھەولێر:
وێڕای داوای بەرپرسانی دەسەڵاتی نوێ لە لیبیا و لە سەروویانەوە محەمەد مەنفی، كە بەر لەچەند رۆژێك بەپێویستی زانی تەواوی چەكدارانی بیانی لە وڵات دەرچن ئەو چەكدارە بە كرێگیراوانەی توركیا لە لیبیا، كە لە تەك ھێزەكانی حكومەتی ویفاق شەڕیان دژ بە سوپای توركیا دەكرد ھێشتا نەگەڕاونەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشھاتی نوێ ھاتوونەتە ئاراوە.
روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ رایگەیاندووە بەشێك لە چەكدارە بەكرێگیراوەكانی توركیا، ئەوانەی لەسەر خاكی لیبیان، پەنایان بردووەتە بەر بەرتیل دان بە دكتۆرەكان بۆ ساختەكردنی راپۆرتی پزیشكی بۆیان بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سووریا.
ئەو بەكرێگیراوانە پەنایان بردووەتە بەر ئەم فێڵە بۆ سووڕانەوەی لە ھەڵوێستی توركیا، كە ھێشتا ھەر سوورە لەسەر راگرتنی گەڕاندنەوەی بەكرێگیراوان دوای ئەوەی پێش چەند مانگێك ھەندێكیان گەڕێندرانەوە.
روانگە ئاماژەشیكرد، ھەنێك لەو بەكرێگیراوانە بەشێوەی تاك تاك لەم دواییە توانیان بگەڕێنەوە سووریا.
حكومەتی توركیا لە سەرەتای ئەم مانگەوە (نیسان 2021) بە مەبەست كۆمەڵەیەكی دیكەی لە بەكرێگیراوان كە ژمارەیان 380 چەكدار بوو رەوانەی لیبیا كرد، بەپێی روانگەی سووریا لەكاتی خۆی.
كۆمەڵەیەك لەو بەكرێگیراوانە سەرەتا گواستراونەتهوە بۆ توركیا و دواتریش بۆ تەرابلوس.
ئەمە لە كاتێكدایە، بەكرێگیراوان ناڕازین و بێزاربوونە لە مانەوەیان لەسەر خاكی لیبیا، لە میانی چاوەڕێكردنی گەڕانەوەیان بەبێ ئەوەی بزانن كەی روودەدات و بە تایبەتی رەوشیان رۆژ بەرۆژ بەرەو خەراپی دەچێت، بەپێی روانگە.
حكومەتی نوێی لیبیا چەندین جار دووپاتی كردووەتەوە پێویستە بەكرێگیراوان لە وڵات دەرچن. لە 4ی نیسان، وەزیری دەرەوەی لیبیا، نەجلا مەنقوش رایگەیاند، پێویستە تەواوی چەكدارانی بیانی لە وڵات دەرچن، جەختیشیكردەوە، ھەڵوێستی حكومەت لەبارە ئەم دۆسیە روون و ئاشكرایە.