میلیشیاكانی عێراقی و یاساكانی دەوڵەت.. پەیوەندییەكی لەرزۆك و "نیمچە پابەندبوون"
چۆن سوود لە چەمكی "نیمچە پابەندبوون" وەربگیرێت بۆ چارەسەری درێژخایەنی كێشە میلیشیاكان لە عێراق؟
K24 – ھەولێر:
پەیمانگای واشنتن شیكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە بە ناوەی "پەیوەندی لەرزۆك" لە نێوان میلیشیاكانی عێراق و یاسادا، وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە، ئایا ئەو "تاوانانە"ی ئەنجامی دەدەن، دەیانخاتە دەرەوەی یاساوە یان نا، بە واتایەكی دیكە لە یاسا دەرچوونە یان نا.
ئەو شیكردنەوە و لێكۆڵینەوەیە، سێ شارەزای پەیمانگەكە نووسیویانە، دەڵێت: "شتێكی سەیر نییە ئەو میلیشیا عێراقیانەی ناویان لە خۆ ناوە (بەرگری ئیسلامی) كاری نایاسایی ئەنجامبدەن".
گوتیشی: "زۆربەی جارەكان ئەو میلیشیانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران لە عێراق دەكەنە ئامانج و دەیانكوژن و ئەو زیندانە (نێھێنییانە)ی ئەو گروپانە بەڕێوەیان دەبەن؛ بوونەتە سەرچاوەی نیگەرانی چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتووەكان".
وێڕای ئەمەش ئەو گروپانە رقیان لەوەیە ئەو دانیشتوانانەی بایەخ بەسەروەری یاسا دەدەن كارەكانیان بە كاری تاوانباری ببینن، بۆیە ئەو گروپانە كەرتی یاسایان لە عێراق كردووەتە گۆڕەپانی شەڕ، بەپێی پەیمانگای واشنتن.
ھەر بەپێی پەیمانگای واشنتن، ئەو میلیشیایانە بۆ چەندین ساڵە لە ھەڵمەتێكدا تێوەگلان كە گولـله تۆپ مووشەك بەكاردھێنن بۆ ئامانجگرتنی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان، كە لەسەر داوای حكومەتی عێراق لەوێ كاردەكەن و ئەو ھێرشانەیان بوونەتە مایەی كوشتن و برینداربوونی سەربازانی ھێزەكانی ھاوپەیمانی و خەڵكی سڤیلی وڵاتەكە.
لەو ماوەی دواییدا، گرووپەكانی سەر بە بەرگری پەنایان بردووەتە بەر بۆردومانكردنی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەكانی سڤیلی كە خەڵكی سڤیلی عێراقی دەیانھاژۆن، بە بیانووی ئەوەی ئەو بارھەڵگرانە ھاریكاری و كەلوپەل بۆ بنكەكانی ھاوپەیمانی دەگوازنەوە.
كارەكە تەنھا پەیوەست نییە بە توندوتیژی، بەڵكو ئەو میلیشیایانە داھاتێكی باش لە كۆمەڵە سەرچاوە و چالاكی بازرگانی نایاسایی بەدەست خۆیان دەھێنن. ھەروەھا زیادبوونی كۆنترۆڵكردنیان بۆ ھەندێك لە پیاوانی حكومەت و دەزگا عێراقییەكان رێگایان پێدەدات داھاتەكانی خاڵەكانی پشكنین و چاودێریكردنی سنوور و پڕۆژەكانی ھەراسانكردن بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان بقۆزنەوە.
شیكردنەوەكە بەردەوام دەبێت و دەڵێت "بەكورتی میلیشیاكانی بەرگری زۆر رێز لە یاسای ناوخۆیی عێراقی یان ئەو سیستەمەی حوكم دەكات لە ھێزە چەكدارەكانی عێراقی و فەرمانبەرانی حكومەت یان ھەر یاسایەكی نێودەوڵەتی ناگرن".
پەیمانگاكە پێیوایە، "ئەو كارە تاوانكارییانەی ئەو ملیشیایانە ئەنجامی دەدەن وا دەكات مەیلی جێبەجێكردنی یاسا لە لای ئەوان زۆر كارێكی سەیر بێت؛ كەچی لەگەڵ ئەوەشدا میلیشیاكانی سەر بە ئێران –زۆربەشیان لەو رێكخراوانەن كە ئەمەریكا وەك تیرۆریست پۆلینیانی كردووە- كات و ماندووبوونێكی زۆر تەرخان دەكەن بۆ بڵاوكردنەوەی بایەخدانیان بە یاسا و رۆڵیان وەك پارێزەری یاسا".
میلیشیاكانی عێراقی و سەركردەكانیان و كەناڵە پڕوپاگهندەییەكانیان مشتومڕ لەسەر چەمكەكانی پەیوەست بەیاسای ململانێی چەكداری دەكەن - بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە رەوایی بە ئامانجكردنی ھێزەكانی ئەمەریكا - و پێگەی یاسایی خودی ئەو میلیشیایانە، كە لقێكی فەرمی ھێزە چەكدارەكانی عێراقن لە میانی ھێزەكانی حەشدی شەعبیدا، بەپێی پەیمانگای واشنتن.
لێكۆڵینەوەكە، راسپاردە دەداتە درووستكەرانی سیاسەت، ئەوانەی بەدوای چارەسەری درێژخایەن بۆ كێشەكانی میلیشیاكان دەگەڕێن و دەڵێت: دەبێت لە چەمكی "نیمچە پابەندبوون بە یاسا تێبگەن بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ چالاكییەكانی میلیشیاكان دابنێن و پشتیوانی لە ھەوڵەكانی حكومەتی عێراق بكەن بۆ ئەوەی بتوانێت پابەندییە نێودەوڵەتەكانی خۆی ئەنجام بدات بۆ رێگەگرتن لە پێشێلكارییەكانی ئەو لایەنە كارامانەی پەیوەست بە دەوڵەتەوە ئەنجامی دەدەن".
سەرچاوە: "الحرة"