مهسرور بارزانی: ههرێمی كوردستان به جێبهجێكردنی یاسای بودجه پابهند دهبێت
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
K24 - ههولێر:
ئەمڕۆ سێشەممە 2021/4/20 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تاووتوێ کرا.
سەبارەت بە پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدرالی، سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دووپاتکردەوە و داواشی کرد لە بەرامبەردا، حکومەتی فیدراڵی پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێ بکات کە دە مانگ دەبێت، حکومەتی فیدراڵی، هیچ بەشە مووچەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
سەرۆکی حکومەت هیوای خواست پەسەندکردنی یاسای بودجە، ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تر بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، بە تایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر سەقامگیریی و ئاسایش و ئارامیی عێراق دەبێت.
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەت بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەو هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و برەودان بە شەفافیەت و سنوودرانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئاسانکارییەکی پێویست پێشکەشی وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ دەکات بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەکاندا.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت وەڵامی پرسیارەکانی کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای دایەوە.