ئه‌مريكا به‌ پێشڕه‌وى هێزه‌ عێراقييه‌كان خۆشحاڵه‌ و ناتۆش فڕۆكه‌ ره‌وانه‌ى عێراق ده‌كات

ژەنەراڵێکی ئەمریکی رایگه‌ياند، ناردنی ھێزی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، تەنیا بۆ ئەوەیە کە ئۆپراسیۆنی موسڵ نزیکبووەتەوە و بەمەبەستیش لێی پشتوانیکردنی ھێزە عێراقییەکان و خێراکردنی پێشڕەویی عێراقییەکان لەدژی چەکدارانی داعش.

K24 – هه‌ولێر:

ژەنەراڵێکی ئەمریکی رایگه‌ياند، ناردنی ھێزی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، تەنیا بۆ ئەوەیە کە ئۆپراسیۆنی موسڵ نزیکبووەتەوە و بەمەبەستیش لێی پشتوانیکردنی ھێزە عێراقییەکان و خێراکردنی پێشڕەویی عێراقییەکان لەدژی چەکدارانی داعش.

ژەنەراڵ جۆزێف دانفۆرد، سەرۆک ئەرکانی ھاوبەشی سوپای ئەمریکا لەمیانەی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە برۆکسل، وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە سەبارەت بە ناردنی ھێزی ئەمریکی بۆ عێراق و گوتی "ناردنی ئەو ھێزە بۆ عێراق، کارێکی گرنگە و وەکو ھێزێکی پشتیوانی رەوانەی عێراق کراون، نەک وەکو ھێزێک کە بەشداری لە ئۆپراسیۆنەکان بکەن".

ئەو ژەنەراڵە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەوان وەکو فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەمریکا، ھەفتانە قسە لەگەڵ ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری ئەمریکا و باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن، سەبارەت بە رەوشی شەڕی دژی داعش لە عێراق.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، په‌يمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى (ناتۆ) بڕیاریدا فڕۆکەی چاودێری رەوانەی عێراق بکات، بەمەبەستی چاودێریکردنی جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە عێراق.

یەنز شتۆڵتینبێرگ، سکرتێری گشتی رێکخراوی ناتۆ ئاشکرای کرد کە لەمیانەی 44یەمین كۆبوونه‌وه‌ى وەزیرانی ناتۆ لە برۆکسل، سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ رازی بوون ئەو رێکخراوە رۆڵی خۆی لە شەڕی دیژ داعش لە عێراق و سووریا فراوانتر بکات، بەمەبەستی خێراکردنی پڕۆسەی لەناوبردنی ھەڕەشەی داعش لەو ولاتانە.

سکرتێری گشتی ناتۆ ئەوەشی ئاشکرا کرد وەکو یەکەم ھەنگاو، ناتۆ ژمارەیەک فڕۆکەی چاودێری رەوانەی عێراق ده‌کات، بەمەبەستی چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی داعش.

ھەروەھا شتۆڵتنبێرگ راشیگەیاندووە کە لەسەر داوای حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، رەنگەی ناتۆ ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی رەوانەی عێراق بکات، بۆ مەشق و راھێنانی بە سەربازانی سوپای عێراقی و ئامادەکردنیان لەدژی داعش.

ناتۆ لەساڵی رابردووەوە دەستیکردووە بە راھێنانی بەسوپای عێراقی، بەڵام لەئوردون.

له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ پێشڕەوی ھێزە عێراقییەکان لە پارێزگای ئەنبار و کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی روتبە لەدەست چەکدارانی داعش ئه‌مريكا خۆشحاڵى خۆى ده‌ربڕى.

له‌و باره‌يه‌وه‌، جۆش ئێرنست، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن رایگەیاند، بەرپرسانی ئەمریکی خۆشحاڵن کە دەبینن ھێزە عێراقییەکان پێشڕەوییەکی خێرا دەکەن، لەبەرامبەر چەکدارانی داعش بەتایبەتی لە پارێزگای ئەنبار، کە یەکێکە لە شوێنە ھەستیارەکانی بەدەست داعشەوە ماوە.

ئیرنست ئەوەشی راگەیاند، کە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە، لەرووی ئابووریشەوە قازانجێکی زۆری بۆ عێراق دەبێت، لەبەرئەوەی لەو ناوچەیەوە، عێراقییەکان دەتوانن دەست بکەنەوە بۆ مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئوردون.

ھەروەھا گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەمریکا و ھێزی ھاوپەیمانان، تا ئێستا مەشق و راھێنانی بە نزیکەی 5 ھەزار سەربازی عێراقی و پێشمەرگە کردووە لەوانەش 3800 سەربازی عێراق و 1200ش پێشمەرگەن.

له‌ نوێترين پێشهاتيشدا ژەنەراڵ، جۆزێف ڤۆتێل، فەرماندەی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا سەردانی بەغدای کرد، بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاریی لەسەر دوا پێشھاتەکانی شەڕی دژی داعش و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی لە بەغدا.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە وا ژەنەڕاڵ ڤۆتێل و شاندێکی باڵاى  سەربازی ئەمریکی شەوی پێنجشەممە، گەیشتنە بەغدا و بەنیازیشن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەغدا و فەرماندە سەربازییەکانی سوپای عێراق کۆببنەوە، تایبەت بە دوا پێشھاتەکانی شەڕی داعش.