"ئەوەی لەبارەی جیاوازی جۆرەکانی ڤاکسین دەگوترێت پڕوپاگەندەیە"
د. لاوەند سەردار: خواست بۆ لێدانی ڤاکسین زیادیکردووە و گەڕانەوەی ناوەکان بە خاڵە
K24 – هەولێر
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری رایگەیاند، ئەوەی لەبارەی جیاوازی جۆرەکانی ڤاکسین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەگوترێت پڕوپاگەندەیە و هەموو ڤاکسینەکان ئیش دەکەن.
د. لاوەند سەردار، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "ئێستا خواست بۆ لێدانی ڤاکسین زیادیکردووە، بە پێچەوانەی ماوەی رابردوو، خەڵک بەشێوەی ئۆنلاین فۆڕم پڕدەکەنەوە و سەردانی بنکەکانی پێدانی ڤاکسین دەکەن".
روونیکردەوە: "گەڕانەوەی ناوی هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین بە خاڵە و چەند شتێک رەچاو دەکرێت، وەک کارکردن لە کەرتی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان و تەمەن و بوونی نەخۆشی درێژخایەن، ئەوانە ناوەکانیان پێشدەخرێت. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین چاوەڕێ بکەن تا ناوەکانیان دەگەڕێتەوە و لە هەموو بنکەکان ڤاکسین هەیە، ئومێد دەکەین تا کۆتایی ساڵ بگەینە ئامانجەکەمان و 20%ی خەڵک ڤاکسین وەربگرن".
د. لاوەند، جەختیکردەوە: "تائێستا هیچ حاڵەتێکی خوێن مەیین دوای لێدانی ڤاکسین لە هەولێر تۆمار نەکراوە".
راشیگەیاند: "هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو جۆرەکانی ڤاکسین ئیش دەکەن و هیچ کێشەیان نییە، ئەوەی لە سۆشیال میدیاوە دەگوترێت هەمووی پڕوپاگەندەیە".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری، ئاشکرای کرد: "تائێستا 2%ی هاووڵاتییان ڤاکسینیان وەرگرتووە، بێگومان تا رێژەکە زیاتر بێت کاریگەری زیاتری دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووان".
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، سبەی یەکشەممە کاروانێکی دیکەی ڤاکسین کۆرۆنا لە جۆری فایزەر دەگاتە هەرێمی کوردستان.