پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب "حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویست رادەگەیەنێت"
K24 – هەولێر
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هاوخەمی بۆ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا دەربڕی و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی بۆ هەموو هاوکارییەک راگەیاند.
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:..
بە داخێکی زۆرەوە ڕووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ( ابن الخطيب)ی بەغدا -م بیست ، کە بووە هۆی گیان لە دەستدان و برینداربوونی دەیان کەس. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و بیانخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویست ڕادەگەیەنێت ، بەتایبەتی لە بواری تەندروستی و پێشوازیکردن لە بریندارانی ڕووداوەکە و هەر یارمەتییەکی دیکە کە پێویست بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/4/25