پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب ‌‌"حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویست رادەگەیەنێت"

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هاوخەمی بۆ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا دەربڕی و ئامادەیی ‌‌‌حکومەتی هەرێمی بۆ هەموو هاوکارییەک راگەیاند.

دەقی پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان:..

بە داخێکی زۆرەوە ڕووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ( ابن الخطيب)ی بەغدا -م بیست ، کە بووە هۆی گیان لە دەستدان و برینداربوونی دەیان کەس. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و بیانخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویست ڕادەگەیەنێت ، بەتایبەتی لە بواری تەندروستی و پێشوازیکردن لە بریندارانی ڕووداوەکە و هەر یارمەتییەکی دیکە کە پێویست بێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/4/25