باقری: ئیسرائیل ھێوری بە خۆیەوە نابینێت
K24 – هەولێر:
فەرماندەی ئەركانی ئێرانی، لیوا محەمەد باقری، لە بارەی ئەو مووشەكەی بەر لە چەند رۆژێك لە نزیك دەزگای ئەتۆمی "دیمونا"ی ئیسرائیلی كەوتە خوارەوە، گوتی: ئیسرائیل وا دەزانێت، دەتوانێت بەشێوەكی بەردەوام خاكی سووریا بكاتە ئامانج و كاری چەپەڵانە لە دەریاكان ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی وەڵامی ھەبێت". جەختیشیكردەوە، "بەرەی بەرگری وەڵامی دەستدرێژكارییەكانی ئیسرائیل دەداتەوە".
گوتیشی: "ئەو كردەوانەی لەم دوایەدا دژ بە ئیسرائیل ئەنجامدران و رێكارە ئایندەییەكانی دەبنە ھەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەكانیان، ئیسرائیلییەكان دەھێننەوە ھۆش".
باقری بەردەوام بوو و رایگەیاند، "ھیچ شتێك لەبارەی ئەنجامدەرانی رووداوەكانی ئەم دواییەی دژ بە ئیسرائیل ئاشكرا ناكەین و ناشزانین كێن، بەڵام بەرەی بەرگری بە توندی وەڵامی كردەوەكانی ئیسرائیل دەداتەوە.
لە بارەی وەڵامی ئێرانی لە حاڵەتێكدا، ئەگەر لە ئایندەدا كردەوەكانی ئیسرائیل بەردەوام بوون، محەمەد باقری گوتی: "روون نییە وەڵامی ئێران چی دەبێت، بەڵام قەوارەی زایۆنی ھێوری و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت". ئاماژەشیكرد، "ئیسرائیل ھێوری بەخۆیەوە نابینێت لە حاڵەتێكدا ئەگەر بەردەوام بوو لە لە كارە دوژمنكارییەكانی دژ بە ئێران".
سوپای ئیسرائیل، شەوی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، مووشەكێك لە سووریاوه ئاراستهی ناوچەی نەقەب لە ئیسرائیل كراوه و لە وەڵامی ئەو ھێرشەدا، سوپای ئیسرائیل ھێرشی كردووەتە سەر چەند پێگەیەكی سەر بە ھێزەكانی سووریا.
سەرچاوە: RT