لە حوزەیرانی ئەمساڵ لوتکەی بایدن و پوتن بەڕێوەدەچێت
هێشتا بە دیاریکراوی شوێن و رۆژی بەڕێوەچوونی لوتکەکە دەستنیشان نەکراوە
K24 – هەولێر:
بڕیارە لوتکەی نێوان سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن و سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا بەڕێوەبچێت.
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتن، بۆ سیاسەتی دەرەوە ئاشکرایكرد، بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا لوتکە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆکی رووسیا و ئەمەریکا بەڕێوەبچێت.
هێشتا بە دیاریکراوی شوێن و رۆژی بەڕێوەچوونی لوتکەکە دەستنیشان نەکراوە، بەڵام هەر یەک لە نەمسا و فینلەندا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ میوانداریكردنی لوتکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و رووسیا.
رۆژی هەینی رابردوو، کۆشکی سپی رایگەیاند، لە حوزەیرانی ئەمساڵ سەرۆکی ئەمەریکا بەشداری لوتکەی جی 7 لە بەریتانیا و لوتکەی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە لوتکەی نێوان پوتن و بایدن بدات.