کۆشکی سپی: ئیسرائیل کاریگەری لەسەر بڕیاری ئەمەریکا نابێت

جین ساكی: "ئیسرائیلمان لە وردەکاری ناو رێککەوتنەکە ئاگادارکردووەتەوە"

جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی
جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی

K24 – هەولێر:

شاندێکی باڵای ئیسرائیلی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دەچێتە واشنتن بە مەبەستی گەیاندنی تێڕوانینی حكومەتی وڵاته‌كه‌ی لە بارەی گفتوگۆكانی گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی.

جین ساكی، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیسرائیل کاریگەری لەسەر بۆچوون و بڕیاری ئەمەریکا نابێت.

جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی سەردانی شاندە ئیسرائیلیەکە و نیگەرانیەکانی ئیسرائیل تایبەت بە رێککەوتنەکە گوتی: "ئیسرائیلمان لە وردەکاری ناو رێککەوتنەکە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام ئیسرائیل هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بۆچوونی ئێمە نابێت".

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی "كان" رایگەیاندبوو، "ئیدارەی سیاسی راسپاردەكانی خۆی داوەتە ئەو بەرپرسە ئەمنییانەی سەردانی واشنتن دەكەن بە مەبەستی گەیاندنی په‌یامی رەتكردنەوەی ئیسرائیل بۆ گەڵاڵەبوونی رێككەوتن لەگەڵ ئێران".

سەرچاوەیەكی سیاسی گوتی: سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھۆ لە میانی دانیشتنێكدا، جەختیكردەوە، لەوەی وڵاتەكەی لایەنێك نییە لە رێككەوتنی ئەتۆمی و بە ھیچ شێوەیەكیش پابەندی نییە، بەڵكو پابەندی بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی خۆیەتی و تەنھا بەپێی ئەوەش كار دەكات و پارێزگاری لە ئازادی كارەكەی خۆی دەكات.

بڕیارە سەرۆك ئەركانی ئیسرائیل و سەرۆكی مۆساد و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایش لە دووشەممەی داھاتوو ھاوتاكانیان لە واشنتن ببینن بۆ باسكردنی گفتوگۆكانی ڤییەننا سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانی.

لەم بوارەدا، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، جلعاد ئەردان گوتی: ئیسرائیل دژی رێككەوتنی مەزندەكراوی نێوان ئێران و دەوڵەتە زلھێزەكان كار ناكات و ھاوتەریبیش پێی پابەند نابێت و بەردەوام دەبێت لە بەرگریكردن لە ئاسایشی ھاووڵاتیانی خۆی.

ئەردان روونیكردەوە، ئیدارە ئەمەریكا رێز لەو پره‌نسیپەی پەیوەست بە مافی ئیسرائیل لە پاراستنی ئاسایشی خۆی دەگرێت، بەڵام ئامانج لێی گەیشتنە بە بەرفراوانترین ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو دەوڵەتدا لەم بابەتەدا.

جەختیشیكردەوە ئیسرائیل رەتی داواكەی ئێران دەكاتەوە لە ھەڵگرتنی سزاكان بەر لەگەڕانەوەی بۆ رێككەوتنەكە، گوتیشی: ئەم رێككەوتنە رێگا بە ئێران دەدات لە ماوەیەكی كەمدا دەستەبەری بۆمبی ئەتۆمی بكات.