100 رۆژ لە كۆشكی سپی.. ئەو دۆسیانەی بایدن ئەنجامی داون و ئەو ئاڵنگاریانەی ھێشتا ماون چین؟
تاكو ئێستا سیاسەتەكانی دەرەوەی نەكەوتووەتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی راستەقینە
K24 – هەولێر:
سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن لە میانی 100 رۆژی فەرمانڕەواییدا ئامانجی گەورەی جێبەجێكرد، بە ماندووبوونێكی زۆر دەستیپێكردن بۆ دەرخستنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە تارمایی كۆرۆنا، بەڵام ھێشتا زۆر ئاستەنگی لەبەردەم ماوە.
لێرەشدا سێ دەستكەوتی گەورە و سێ بوار دەخەینەڕوو، كە ھێشتا زۆریشی ماوە ئەنجامیان بدات:
ئەوەی ئەنجامی داوە و ئەوەی لە ژێر جێبەجێكردن دایە
ڤاكسینی كۆرۆنا
بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا مەترسیدارترین ھەڕەشە بوو دووچاری ئیدارەی بایدن بوویە لە كاتی وەرگرتنی دەسەڵات لە 20 كانوونی دووەمی ئەم ساڵ و چارەسەریش ئەنجامدانی ھەڵمەتە بەرفراوانەكانی پێكوتە بوو.
بایدن لەم بوارەدا دەستكەوتی باشی بەدەستھێنا. ھەفتەی رابردوو بەبۆنەی پێدانی 200 ملیۆن ژەم ئاھەنگی گێڕا و ژمارەی مردووان بەھۆی كۆرۆنا بە شێوەیەكی زۆر پاشەكشەی كردووە.
ھاندانی ئابووری
بایدن سەركەوتوو بوو لە تێپەڕاندنی پلانێكی رزگاركردنی ئابووری لە كۆنگرێسدا كە گوژمەكەی نزیكەی 2 ترلیۆن دۆلار بوو بۆ ھاندانی ئابووری كە زیانی بەركەوتبوو لە ئەنجامی داخران و قەدەغەی ھاتووچۆ بۆ ماوەی یەك ساڵ لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ھەرچەندە دیموكراتیەكان كۆنترۆڵی كۆنگرێسیان كردووە، بەڵام زۆرینەیان كەمە و دەبوایە ھەوڵێكی زۆر بدات بۆ تێپەڕاندنی "پلانی رزگاركردنی ئەمەریكا".
راپرسییەكان دەریدەخەن بایدن جەماوەرییەتێكی باشی ھەیە لە ناو دەنگدەرانی ھەردوو پارتی دیموكراتەكان و كۆمارییەكان.
سیاسەتی دەرەوە
یەكێك لە كارە بەراییەكانی بایدن رەتكردنەوە و نەھێشتنی ئەو زیانانە بوون، كە سەرۆكی پێش خۆی، دۆناڵد ترەمپ بە ھاوپەیمانیەتەكانی تەقلیدیی ویلایەتە یەكگرتەوەكان گەیاندبوون.
داوەتكردنی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆنی، یوشیھیدی سۆگا، وەك یەكەم سەركردەی بیانی لە كۆشكی سپی جددییەتی واشنتن پیشان دا لەوەی پەیوەستە بە پەیوەندییەكانی ئەمەریكا بە ئاسیا.
كۆشكی سپی ئاماژەیكردووە، یەكەم سەردانی بایدن بۆ دەرەوە بەرەو ئەوروپا دەبێت، ئامادەی لوتكەی كۆمەڵەی حەوت دەوڵەت و پەیمانی باكووری ئەتڵەسی و یەكێتی ئەوروپا دەبێت لە حوزەیرانی داھاتوو لە ئاماژەیەكدا بۆ گەڕانەوە پەیمانی ئەتڵەسی.
جگە لەمانەش گەڕانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ رێككەوتنی پاریس بۆ ئاووھەوا، ھەروەھا ھەوڵدانی بۆ زیندووكردنەوەی دانوستانەكانی ئەتۆمی ئێرانی، ھەروەھا بایدن وادەیەكی داناوە بۆ تەواوكردنی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان لە 11 ئەیلوولی داهاتوودا.
ئەو كارانەی ھێشتا پێویستە ئەنجامیان بدات
كاركردن لەگەڵ كۆنگرێس
بایدن بەڵێنی دا ھاوكاری لە نێوان ھەردوو حزبدا ھەبێت، بەڵام تاكو ئێستا پشت بەو زۆرینە كەمەی دیموكراتەكان دەبەستێت.
ئەمەش گومان دەخاتە سەر پڕۆژە گەورەكانی لە ئایندەدا، وەك پڕۆژە یاسایەك سەبارەت بە ژێرخانی ئابووری و گونجانی ئابووری لەگەڵ ژینگەدا و ئەنجامدانی چاكسازی بۆ زەفتكردنی توندی پۆلیس و كۆچ.
لەوانەش ھەڵبژاردنی نیوەیی لە ساڵی داھاتوودا، ئەو خەسڵەتەی دیموكراتەكان ھەیانە لە كۆنگرێس نەمێنێت. ھەڵبژاردنی نیوەیی ھەڵبژاردنێكی گشتییە لە نیوەی ماوەی سەرۆكایەتی – كە چوار ساڵ بەردەوام دەبێت- لە ئەمەریكا ئەنجامدەدرێت و دەنگدەران بەشێك لە ئەندامانی كۆنگرێس – ئەنجوومەنی نوێنەران – حاكمەكانی ھەندێ ویلایەت و بەرپرسانی خۆجێی نوێ دەكەنەوە و دەرفەتێكە بۆ پێشنیازكردنی پرۆژە یاساكانی خۆجێی.
كۆچ
ئیدارەی بایدن لە ھیچ بوارێكدا بە قەدەر بواری كۆچ ئاستەنگی بەخۆیەوە نەبینیوە لە پرسی كۆچی نایاسایی لە سنووری باشوورەوە.
لە دوای ھەڵمەتی توندی ئەمنی ترەمپ كە پشتی بە دانانی دیواری سنووری بەستبوو، بایدن بەڵینی دا بە گرتنەبەری رێبازێكی مرۆڤانەتر لەگەڵ كۆچبەران.
بەڵام ئیدارەی نوێ بۆ وەرگرتنی ژمارەی زیاتر بە تایبەتی لە ئەمەریكای ناوەڕاست ئامادە نەبوو.
ئەو دامەزراوانەی پڕ لە منداڵی كۆچبەران بەبێ ئەوەی گەورەیان لەگەڵ بن بووە مایەی ماددەیەكی سیاسی بۆ كۆمارییەكانی بەرھەڵستكار و تەنانەت ھەندێك لە لایەنگرانی بایدنیشی تووڕە كردووە.
بەڵێنەكانی ئیدارەی لە بەردەم ئەم پرسەدا لە بەرزكردنەوەی رێژەی پەنابەران بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان بووەتە مایە نیگەرانی.
ئاستەنگەكانی بەردەم سیاسەتی دەرەوە
ھەرچەندە بایدن بە پەلە جووڵه دەكات بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ھاوپەیمانانی، بهڵام پلانەكانی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ نەیارەكانی ھێشتا لەسەرەتا دایە.
تاكو ئێستا نەكەوتووەتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی راستەقینە، كە ئەمەش كارێكە لەوانەیە لە ھەر كات و ساتێكدا چین، یان كۆریای باكوور یان ئێران یان رووسیا ببنە ھۆكاری.