یەكێتی ئەوروپا: تا سەركوتكاری لە سەردەمی ئەردۆغان بەردەوام بێت قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا ئەستەمە

"ئەستەمە بیر لە ھاریكارییەكی بەرفراوان لەگەڵ توركیا بكرێتەوە، كە رێكارە نەرێنییەكان لەم بوارەدا بەردەوام بن"

توركیا و یەكێتی ئەوروپا
توركیا و یەكێتی ئەوروپا

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەوروپا، شارل مێشێل رایگەیاند، قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ توركیا زۆر ئەستەم دەبێت لە میانی بەردەوامبوونی سەركوتكاری لە سەردەمی سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان.

میشێل لە بەردەم پەرلەمانی ئەوروپا گوتی: "نیگەرانی قووڵی خۆمان دەربڕیوە سەبارەت بە سەروەری یاسا ومافە سەرەكییەكان و كشانەوە لە رێككەوتنی ئیستانبۆڵ، ھەروەھا لە بارەی ئازادی رادەبڕین و بە ئامانجگرتنی پارتە سیاسییەكان و دەزگاكانی راگەیاندن".

گوتیشی: "ئەستەمە بیر لە ھاریكارییەكی بەرفراوان لەگەڵ توركیا بكرێتەوە، كە رێكارە نەرێنییەكان لەم بوارەدا بەردەوام بن".

لە لایەن خۆیەوە، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین گوتی: "ئەوروپا دەیەوێت پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئەنقەرە باش بكات، بەڵام ھێشتا زووە بۆ ئەو كارە".

سەرچاوە: "رۆیتەرز"