سی ئێن ئێن: پێش تێکشکانی فڕۆکە میسرییەکە هۆشداریی هەبووە لە سەرهەڵدانی دووکەڵ
میسر دەڵێ پارچەی تەرم و کەلوپەلی چەند سەرنشینێکی فڕۆکەکەمان دۆزییەوە
K24-هەولێر
تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکا رایگەیاند زانیارییەکانی گەشتی فڕۆکە میسرییە تێکشکاوەکە ئەوە ئاشکرا دەکەن کە پێش تێکشکانی و کەوتنەخوارەوەی لە سەر دەریای ناوەڕاست ئامێرەکانی نێو فڕۆکەکە هۆشدارییان داوە لەسەرهەڵدانی دووکەڵ.
بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکا ئەم هەواڵەی بە دەنگۆ ناوبرد و رایگەیاند هێشتا دڵنیان نین لەو زانیارییانە.
تۆڕی سی ئێن ئێن گوتیشی: ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی میسرییەوە دەستکەوتووە و زانیارییەکان لە ئامێرێکی فڕۆکەکەوە سەرچاوەی گرتووە.
هاوکات سەرۆکی کۆمپانیای میسر بۆ گەشتی ئاسمانی سەفوەت موسلیم دوێنێ هەینی رایگەیاند: لە ناوچەیەک کە روبەری زیاتر لە 40 میلی دەریایی چوارگۆشەیە لە دەریای ناوەڕاست بەدوای پارچەکانی فڕۆکەکەدا دەگەڕێین.
هەروەها وەزارەتی فڕۆکەوانی سڤیلی میسر رایگەیاند کە سوپای میسر پارچەی تەرم و کەلوپەلی چەند سەرنشینێکی فڕۆکەکەمان لە نێو دەریای ناوەڕاست دۆزییەوە بە دووری 290 کم لە باکووری شاری ئەسکەندەرییە.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 19/5/2016 فڕۆکەیەکی کۆمپانیای میسر بۆ گەشتی ئاسمانی کە 66 سەرنشینی لەخۆگرتبوو و لە فەرەنساوە بەرەو میسر دەهات لە ئاسمانی دەریای ناوەڕاست لەنێوان یۆنان و شاری ئەسکەندەرییەی میسر کەوتە خوارەوە و تا ئێستا چەند پارچەیەکی فڕۆکەکە و تەرمی چەند سەرنشینێکی فڕۆکەکە دۆزراونەتەوە.
لە کۆتایی ساڵی 2015 وە تا ئێستا ئەمە سێیەم رووداوە رووبەڕووی گەشتی ئاسمانی میسر دەبێتەوە دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسیا پاش ماوەیەکی کەم لە هەڵفڕینی لە فڕۆکەخانەی قاهیرەوە کە گوترا کەوتنەخوارەوەی بەهۆی کردەی تیرۆریستییەوە بووە، جگە لە رفاندنی فڕۆکەیەکی میسری کە گەشتێکی نێوخۆیی لە نێوان ئەسکەندەرییە و قاهیرە ئەنجامدەدا و دواتر رووداوەکە بە خۆرادەستکردنی رفێنەرەکە لە وڵاتی قوبرس کۆتاییهات.
ئا: ئا ، ف