فراكسیۆنی پارتی: ئیداره‌ی سلێمانی بڕی دیاریكراوی داهاتی ناگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خه‌زێنه و ئه‌وه‌ش بووه‌ته كێشه‌ی به‌رده‌م مووچه
ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری سه‌ر به‌و لایه‌نانه‌ی به‌شدارن له كابینه‌ی حكومه‌ت داوای نه‌هێشتنی لێبڕینی رێژه‌ی %21ی مووچه ده‌كه‌ن.
K24 – هه‌ولێر:
زانا مه‌لا خالید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ره‌خنه‌ی له ئیداره‌ی سلێمانی گرت و رایگه‌یاند، مانگانه ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆیان دیاری ده‌كرێت ره‌وانه‌ی ناكه‌ن و ئه‌وه‌ش بووه‌ته گرفت له‌به‌رده‌م دابه‌شكردنی مووچه. گوتیشی: هه‌ندێك لایه‌ن پێویسته هه‌ڵوێستیان روون بكه‌نه‌وه، ئایا ئۆپۆزیسیۆنن یان له ناو كابینه‌ی حكومه‌تدان.
كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه، دوای ئه‌وه دێت، كه له دانیشتنه‌كانی په‌رله‌ماندا، ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری سه‌ر به‌و لایه‌نانه‌ی به‌شدارن له كابینه‌ی حكومه‌ت داوای نه‌هێشتنی لێبڕینی رێژه‌ی %21ی مووچه ده‌كه‌ن.
پوخته‌ی وته‌كانی زانا مه‌لا خالید
* ئێمه ده‌زانین حكومه‌تی هه‌رێم، پێكهێنه‌ری رێككه‌وتنی سیاسی لایه‌نه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوولی 2018یه و دوای هه‌ڵبژاردن به گوێره‌ی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن كابینه پێكهێنراوه.
* به‌داخه‌وه هه‌ندێك لایه‌نی به‌شدار وا خۆیان وێنا ده‌كه‌ن، كه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن. بابه‌تی لێبڕینی مووچه‌ی مووچه‌خۆران به رێژه‌ی %21 بووه‌ته بابه‌تی مشت‌ومڕ له ناو هۆڵی په‌رله‌مان و درووستبوونی گرژی.
* له دوو هه‌فته‌ی رابردوودا تیمی دانووستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم هاتنه په‌رله‌مان و لیژنه‌كان و سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان به‌شدار بووین له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك و به تێروته‌سه‌لی باس له رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا كرا و باس له‌وه كراوه چۆن چاره‌سه‌ری كێشه‌ی لێبڕینی مووچه بكرێت.
* ئێمه وه‌ك فراكسیۆنی پارتی پرسیارمان ئاراسته‌ی شاندی دانووستان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین تا كه‌ی لێبڕین به‌رده‌وام ده‌بێت. جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری دارایی پێیان راگه‌یاندین، تا یاسای بودجه‌ی عێراق جێبه‌جێ نه‌كرێت و پاره نه‌یه‌ت بۆ هه‌رێم لێبڕینی مووچه به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌و كات هیچ لایه‌نێكی دیكه پرسیاری نه‌كرد، واته به‌و وه‌ڵامه رازی بوون.
* ئێمه وه‌ك فراكسیۆنی پارتی خۆمان به خاوه‌نی سه‌رجه‌م كابینه ده‌زانین و بێ به‌ری نین و ده‌نگمان به هه‌موو وه‌زیری لایه‌نه‌كان داوه.
* ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شدارن له كابینه‌ی حكومه‌ت پێویسته سیاسه‌تیان روون بكه‌نه‌وه، ئایا ده‌یانه‌وێت له حكومه‌ت بمێننه‌وه یان بكشێنه‌وه. پارتی له هیچ كابینه‌یه‌ك لایه‌نه‌كانی ناچار نه‌كردووه، به‌شدار بن له حكومه‌تدا، ئه‌گه‌ر رای لایه‌نه سیاسییه‌كان ئه‌وه بێت، بكشێنه‌وه رای لایه‌نه‌كانیان وه‌رده‌گرین.
* ئێمه رای یه‌ك دوو په‌رله‌مانتار له په‌رله‌مان له فراكسیۆنه‌كانی هاوپه‌یمانمان لێره وه‌ك رای سیاسی وه‌رناگرین، چونكه پێمان وایه هه‌ندێك جار بۆ ئیحراجكردنی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمیشه.
* ئێمه له‌گه‌ڵ گۆڕان رێككه‌وتنمان له‌سه‌ر 12 كورسی په‌رله‌مانی هه‌بووه، نه‌ك 60 كورسی.
* گرفتی سه‌ره‌كی دابینكردنی مووچه، نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی داهاتی سلێمانییه له لایه‌ن ئیداره‌ی سلێمانییه‌وه. وه‌ك پێویست ئه‌و بڕه‌ی دیار ده‌كرێت ناگه‌ڕێندرێته‌وه. بۆ نموونه له‌م مانگه‌دا بڕیار بووه 80 ملیۆن دۆلار بگه‌ڕێننه‌وه، كه‌چی 55 ملیۆن دۆلاریان ناردووه‌ته‌وه.
* چاكسازی ئیراده‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه و هیچ لایه‌نێك ناتوانێت خۆی بكاته خاوه‌نی.