گەشتە ئاسمانییەکانی کوەیت و ریاز راگیران
هێڵی ئاسمانیی کوەیت، هەڵوەشاندنەوەی دوو گەشتی ئاسمانی لە نێوان وڵاتەکە و ریازی پایتەختی سعوودیە راگەیاند، ئەمەش لە دوای بڕیاری لەناکاوی داخستنی کاتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید بەهۆی ناجێگیریی بارودۆخی ئەمنی و پێشهاتە مەیدانییەکانەوە.
شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی کوەیت، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوو گەشتی نێوان وڵاتەکە و سعوودیە، بەهۆی بڕیاری لەناکاوی داخستنی کاتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز، بەهۆی ئاڵۆزیی بارودۆخی ئەمنی و پێشهاتە مەیدانییەکانی ئەم دواییە، هەڵوەشانەوە.
کۆمپانیاکە رایگەیاند: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکە هەردوو گەشتی چوون و گەڕانەوەی ئەمڕۆ شەممەی گرتووەتەوە، کە بریتین لە گەشتی ژمارە (KU775) لە کوەیتەوە بەرەو شاری ریاز و گەشتی گەڕانەوەی ژمارە (KU776) لە شاری ریازەوە بۆ کوەیت.
هێڵی ئاسمانییەکە جەختی لە پەرۆشیی تەواوی خۆی کردەوە بۆ پاراستنی سەلامەتیی سەرنشینان و ستافی فڕۆکەوانی. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، لە هەماهەنگیی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی رێکخستنەوە و دیاریکردنی وادەی نوێ بۆ گەشتەکان، کاتێک بارودۆخەکە ئارام دەبێتەوە و جووڵەی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی ریاز دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
کۆمپانیاکە داواکارییەکی ئاراستەی سەرجەم ئەو گەشتیارانە کرد کە ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، بە پێویستی زانی کە بەردەوام بن لە بەدواداچوون بۆ نوێکارییەکانی تایبەت بە تیکتەکانیان، روونیشی کردەوە، لە رێگەی ئاگاداری و کورتەنامەوە (SMS) زانیاری بۆ ژمارەی تەلەفۆنی تۆمارکراوی سەرنشینان دەنێردرێت بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە هەر گۆڕانکارییەک، جگە لەوەی دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرم و کەناڵە فەرمییەکانی هێڵی ئاسمانیی کوەیت و پەیوەندیکردن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی کڕیارانەوە رێوشوێنی پێویست بۆ جێگرەوەی گەشتەکانیان بگرنەبەر.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، شایەتحاڵان و سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرایان کردبوو، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناو تێرمیناڵی ژمارە (3)ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز بیستراوە. بەپێی گێڕانەوەی گەشتیاران، تەقینەوەکە لە نزیک یەکێک لە دەروازەکانی گەشتکردن رووی داوە و بەهۆی شکانی شووشە و کەوتنەخوارەوەی پارچەکان، پشێوییەکی گەورە دروست بووە و خەڵکێکی زۆر کەوتوونەتە سەر زەوی.