عه‌لی حه‌مه ساڵح چیرۆکی داگیرکاری 8 ھەزار دۆنم لە سلێمانی کە بەھاکەی یەك ملیار و 750 ملیۆن دۆلارە ده‌گێڕێته‌وه
"گەورەترین گەندەڵی و ساختەکاری و داگیرکاری لە مێژوى سلێمانیدا لەم سێ ساڵەدا كراوە".. بەشێکیش له زه‌وییه‌كان لە پلانی دەستبەسەردا گرتندان

K24- هه‌ولێر:
له پۆستێكدا له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، عه‌لی حه‌مه ساڵح، په‌رله‌مانتاری كوردستان له فراكسیۆنی گۆڕان باس له كێشه‌یه‌كی سلێمانی به ناونیشانی "چیرۆکی داگیرکاری 8 ھەزار دۆنم لە سلێمانی کە بەھاکەی یەك ملیار و 750 ملیۆن دۆلاره" ده‌وروژێنێت و ورده‌كارییه‌كان له‌باره‌ی قۆرخكاری و گه‌نده‌ڵیی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی 8 هه‌زار دۆنم زه‌وی ده‌خاته‌ڕوو.
له درێژه‌ی پۆسته‌كه‌یدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان نووسیویه‌تی: "بەو ملیار و 750 ملیۆن دۆلاره سلێمانی دەکرایە شارێکی نمونەیی" و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، "بە سەدان دۆنم زەوی لە سلێمانی که‌وتوەتە بەر لێشاوی داگیركردن و ئیفرازكردنی نایاسایی".
ده‌قی پۆسته‌كه‌ی عه‌لی حه‌مه ساڵح، په‌رله‌مانتاری كوردستان له فراكسیۆنی گۆڕان:
چیرۆکی داگیرکاری 8 ھەزار دۆنم لە سلێمانی کە بەھاکەی یەك ملیار و 750 ملیۆن دۆلارە..
بەم پارەیە سلێمانی دەکرایە شارێکی نمونەیی..
گەورەترین گەندەڵی و ساختەکاری و داگیرکاری لە مێژووى سلێمانیدا لەم سێ ساڵەدا كراوە..
ئەم زەویانە بەپلان و خزمەتگوزاریەکی شایستە بفرۆشرایە، بەھاکەی زیاتر بوو لە یەك ملیار و 750 ملیۆن دۆلار.
بەنایاسایی و قۆرخکاری و گەندەڵی، لە دوو ساڵدا نزیکەی 8 ھەزار دۆنم لە سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە و مەتر مەتر فرۆشراوە یان کراوەتە مەخزەن و مەعەرز و بەشێکیشی لە پلانی دەستبەسەردا گرتندایە..
ئەو داگیرکاری و گەندەڵیەی لەم سێ ساڵەدا بەزەوی کراوە، لە مێژوی ئەم شارەدا وێنەی نەبووە..
بە سەدان دۆنم زەوی لە سلێمانی که‌وتوونەتە بەر لێشاوی داگیركردن، ئیفرازكردنی نایاسای، دابه‌شكردن و فرۆشتن بە بێ تاپۆ و ھیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی، ته‌نانه‌ت گه‌یشتوه‌ته ئه‌وه‌ى، زه‌وى ته‌رخانكراو بۆ سه‌وزایى گه‌ڕه‌كه‌كان و شوێنى قوتابخانه و مزگه‌وت و نه‌خۆشخانه و خزمه‌تگوزارییه‌كانى دیكه، پارچە پارچە کراون و دابەشکراون.
ئەوەی چەندین مانگە لێکۆڵینەوەی لێدەکەین، تەنیا داگیرکاری و دزینی زەوی نیە لەم شارەدا، بەڵکو تێکدانی ئەم شارەیە..
چه‌ندین به‌رپرسى ئه‌منى، سه‌ربازى، حزبى و حكومی و چەند دەڵاڵێك، داگیرکارییەکی مەترسیداریان ئەنجامداوە..
ھەموو ئەم داگیرکارییەش بەناوی ھێزی ئەمنی و چەکدارەوە دەکرێت، لەبەر ئەوەی ھیچ بەڵگەنامە و تاپۆ و ھیچ شتێکی نیە و لە ئێستادا بووە بەھۆی دروستبوونی چەندین کێشە.. لە ئایندەشدا سەدان دوژمنداری دروستدەکات...
بەبێ فەرمانی وەزاری و ھیچ ئەمرێکی یاسایی خۆیان ئیفراز دەکەن و دەیفرۆشن! نزیکەی 45 ھەزار پارچە زەوی بە نایاسایی فرۆشراوە و تەخشان و پەخشانی پێکراوە...
چی لە کوێ داگیرکرا..
چەند بەرپرسێکی سەربازی بەناوی ھێزی پێشمەرگەوە نزیکەی 23 ھەزار پارچە زەوییان بەبێ تاپۆ و فەرمانی وزاری فرۆشتووە و بەشکردووە.. بەھای ھەر پارچەیەك لە 10 ھەزار بۆ 30 ھەزار دۆلارە!! کۆی گشتی ئەو پارەی دەستیان کەوتووه 332 ملیۆن دۆلارە!
ئەو شوێنانەی داگیرکاریان تێدا کراوە.
- ئاوباره
- رێگاى تاسڵوجه، پشت سنه‌وبه‌ره‌كان زیاتر له 120 دۆنم
-ته‌نیشت و پشتى قه‌برستانى عه‌واڵ
- به‌رامبه‌ر محه‌ته‌ى كاره‌باكه هه‌زار دۆنم
- به‌رامبه‌ر ده‌رگاى سه‌ناعه‌ى به‌كره‌جۆ
- ته‌نیشت مه‌تارى سلێمانى
- زه‌وى ته‌رخانكراو بۆ خزمه‌تگوزارى گه‌ڕه‌كه‌كانى بیسته‌كان ...
- ته‌نیشت ده‌واجنه‌كان
- کانى گۆمه تاوەکو تانجه‌رۆ
- خوار به‌كره‌جۆ زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان
- پشت بازگەی عەربەت سلێمانی ئەو شەقامەی لادەداتەوە بۆ شاری مامۆستایان دەکرێتە مەخزەن..
- خزمەتگوزاری گەڕەکی خاك بەردەم ماڵەکان شەقامە گشتیەکە دەکرێتە مەخزەن..
- خه‌لیفاوا (بەناوی هێزەکانی حەفتا دابەشدەکرێت)
- لە گەڕەکی باوەمردە لە راپەڕین سەرووی مزگەوتەکە، زەوی خزمەتگوزاری باخچەی ساوایان و نەخۆشخانە و سەوزایی، 20 پارچە زەوی لێ جیاکراوەتەوە..
- قولە رەیسی نزیکەی 20 ھەزار پارچە..
باخچە لەگه‌ڕەکی زانکۆ تەنیشت فڕۆکەخانە..
به ئامێرى پێشكه‌وتوو و له ئاسمانه‌وه زه‌وى ئیفراز ده‌كرێت! به سه‌وزایى و دار و دره‌خته‌وه نه‌خشه‌ى بازرگانى بۆ ده‌كێشرێت، دەستدرێژی بۆ سەر تاوەر و ھێڵی کارەبا دەکرێت..
ئێستا بە ھەزاران پارچە زەوی بە نایاسایی فرۆشراون و لە ئایندەدا کێشەی زۆر گەورەی بەدوادا دێت...
ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی نیە، ئەم زەویانە ھی کێن!!!
عەلی حەمە ساڵح
H.B