بزوتنەوەی نەهزەی تونس چالاکی ئایینی و سیاسی خۆی لەیەکدی جیادەکاتەوە
هەوڵێکی بزوتنەوەکەیە بۆ خۆ جیاکردنەوە لە ئیسلامی سیاسی و لە جیهانی ئیسلامیدا ناوازەیە

K24-هەولێر
رابەری بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامیی تونس راشد ئەلغەنووشی رایگەیاند بزوتنەوەکەی چالاکی ئایینی و سیاسی خۆی لەیەکدی جیادەکاتەوە. ئەم بڕیارەش هەوڵێکی بزوتنەوەکەیە بۆ خۆ جیاکردنەوە لە ئیسلامی سیاسی و لە جیهانی ئیسلامیدا ناوازەیە.
بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامیی تونس لە ساڵی 1972 وە دامەزراوە و یەکەم حزبی ئیسلامی بوو دوای بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011 دەسەڵات بگرێتەدەست لەو وڵاتانەی کە بەهاری عەرەبی گرتیانییەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز راشد ئەلغەنووشی لە کۆنگرەی دەیەمی حزبی نەهزە کە لە هۆڵێکی چالاکی وەرزشی لە شاری رادس لە تونس رێکخرا، راشیگەیاند: "سوورین لەسەر جیاکردنەوەی ئایین لە شەڕەکانی سیاسەت و داوای تەواو دوور راگرتنی مزگەوتەکان دەکەین لە ململانێی سیاسی و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی حزبی بۆئەوەی ببنە هۆکارێک بۆ کۆدەنگی نەک ناکۆکی".
ئەلغەنووشی گوتیشی: "بزوتنەوەکە لە ساڵانی حەفتاکانەوە تاوەکوو ئەمڕۆ لە بزوتنەوەیەکی گردبوونەوەوە کە شەڕی لە پێناو ناسنامە دەکرد بووە بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی دەبڕینی گشتگیر بەرامبەر رژێمێکی دیکتاتۆری و دواتر بووە حزبێکی دیموکراتی و نیشتمانی کە تەنیا سەرقاڵی سیاسەت دەبێ لە روانگەیەکی نیشتمانییەوە و لە ئیسلامەوە فێر دەبێ".
شرۆفەکاران لەمبارەوە دەڵێن ئەو گۆڕانکارییانەی کە بزوتنەوەی نەهزە ئاشکرای کرد وەک دیارە هەوڵێکە بۆ خۆ جیاکردنەوە لە ناوچەیەکی حزبەکانی ئیسلامی سیاسی تێیدا چەند جارێک شکستیان هێناوە و دەشڵێن ئەم هەنگاوەی نەهزە ئمادەکارییە بۆ هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی تونس کە بڕیارە ساڵی داهاتوو رێکبخرێن هەوڵێکیشە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تونس کە بڕیارە ساڵی 2019 رێکبخرێ.
هاوکات سەرۆکی تونس ئەلباجی قائید ئەلسبسی پێشوازی کرد لە ئەم بڕیارەی حزبی نەهزە و لە گوتارێکدا کە لە کۆنگرەی بزوتنەوەی نەهزە پێشکەشی کرد گوتی: "دەبێ ئاماژە بۆ ئەم پێشکەوتنە بکەم کە بزوتنەوەی نەهزە بە سەرکردایەتی راشد ئەلغەنووشی بەدیهێناوە و لە پێویستی جیاکردنەوەی چالاکی ئایینی و سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە".
سەرۆکی تونس گوتیشی: "نەهزە چیدیکە حزبێک نییە سەرچاوەی مەترسی بێت بۆ سەر دیموکراتی".
ئەمە لە کاتێکدایە چاودێران دەڵێن بزوتنەوەی نەهزە لە رووی بیر و بەرنامە و پەرەنسیپەوە لە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین سەرچاوەی گرتووە. بەڵام دەشڵێن نەهزە ئێستا هێندە بە پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا دەچێ هێندە بەو حزبە ئیسلامییانە ناچێ کە لە رووی بیر و بەرنامەوە هاوشێوەی ئیخوان موسلمینن.
ئێستا بزوتنەوەی نەهزە هاوپەیمانی حزبی دەسەڵاتە لە تونس و بەم پێیە بەشێکە لە دەسەڵات لەو وڵاتە.
ئا: ئا ، ف