ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری داواکاری هەڵگرتنی پارێزبەندی پێشکەش بە پەرلەمان دەکات

بەشیر حەداد: ئەنجوومەنی نوێنەران لە چوارچێوەی یاسایی و بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ رێوشوێن دەگرێتەبەر

د. بەشیر حەداد
د. بەشیر حەداد

K24 – ھەولێر:

بەشیر حەداد، جێگری دووه‌می سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایكرد، ژمارەیەک داواکارییان لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر هەندێک پەرلەمانتار بەدەست گەیشتووە، کە بە دۆسیەی گەندەڵی تۆمەتبارکراون.

چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوەدابوو، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لە پەرلەمان کردبوو، پارێزبەندی لەسەر 20 پەرلەمانتار هەڵبگرێت.

دوای ئەو داواکاریانە بەشێک لە هێزە سیاسی و کەسایەتییەکانی پەرلەمان ترسیان لێ نیشتووە بەوەی دەنگدان لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی بەڕێوەبچێت.

بەشیر حەداد رایگەیاند، ئەنجوومەنی نوێنەران لە چوارچێوەی یاسایی و بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ رێوشوێن دەگرێتەبەر. هەروەها بە شێوەیەکی یاسایی و شەفاف مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکە دەکات، ئامانجیانە بوار بە دادگا بدەن ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و هەروەها متمانە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بەهێز بکەن بەوەی ناوەندێکی یاسادانان و چاودێرییە، هەروەها پەرۆشن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران.