یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار پەسەند کرا

شوێنەوارەکان دەبنە یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات

یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار پەسەند کرا
یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار پەسەند کرا

K24 – ھەولێر:

دوای گفتوگۆیه‌كی زۆری ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌ ده‌نگی 74 په‌رله‌مانتار یاسای به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی شوێنه‌وار په‌سه‌ند كرا، پرۆژەکە لە 34 ماددە پێکھاتووە. بەمەش یاساکەی عێراق لەمەودوا کاری پێناکرێت. بەمەش شوێنەوار و کەلەپووری ھەرێمی کوردستان بەم یاسایە دەپارێزرێن و یاسای عێراقی فیدراڵیش کاری پێناکرێت، بە گوێرەی ئەم یاسا تازەیە شوێنەوارەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێنە یەکێک لە سەرچاوەکانی داھات بۆ ھەرێمی کوردستان.

بەپیێ ئەم یاسایە ھەر شوێنێک تەمەنی لە 200 سەد ساڵ بەرەو سەرەوە بێت بە شوێنەوار تۆمار دەکرێت و ئەو کەرستانەشی تەمەنیان لە 150 ساڵ زیاتر بێت ئەوە بەکەلەپوور ھەژمار دەکرێن. بەپێ ئەم یاسایەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار دەگۆڕدرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپوور لە ھەرێمی کوردستان.

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەم یاسایە ئەوەیە،  بۆ یەکەم جار بوار دەڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی شوێنەوارەکانی ھەرێمی کوردستان ببنە سەرچاوەی داھات. دوو ماددەی تایبەتیش بۆ ئەم مەبەستە لە یاساکە جێگیر کراون.  ئەمە لە کاتێکدایە ھەرێمی کوردستان خاوەنی زۆرترین ناوچەی شوێنەوارییە و نەتوانراوە بکرێنە یەکێک لە سەرچاوەکانی داھات.

بەپێی ئەم یاسایە سزای ئەو کەسانەی کە شوێنەوار دەدزن  10 ساڵ زیندانە و بە شەش ھێندەی نرخی خەمڵێنراوی  شوێنەوارەکەش سزای ماددیش دەدرێت. ھەر کەسێکیش شوێنەوار بباتە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ئەوا بە بەندکردنی ھەمیشەیی سزا دەدرێت، ھەربەپیێ ئەم یاسایەش ھەموو شوێنەوار و کەلەپوورەکان موڵکی دەوڵەتن و دەبێت بپارێزرێن.