ئەمەریكا: شانازی دەکەین بە دۆستایەتی و هاوپەیمانی كورد
"ئەمڕۆ دوای 30 ساڵ پەیوەندی و هاوپەیمانی نێوان هێزە سەربازییەکانمان لە هەمووکات بەهێزترە"
K24 – ھەولێر:
ئیڤێنتێکی تایبەتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە یادی 30 ساڵەی دامەزراندنی ناوچەی ئارام بۆ گەلی کورد لە باشووری کوردستان. چەندین کەسایەتی گرنگی سیاسی و سەربازی بەشداریان لە ئیڤێنتەکەدا کرد و کاتژمێر و نیوێکی خایاند.
سەرۆک بارزانی یەکەم بەشدابووی ئیڤێنتەکە بوو و رایگەیاند: "دوای 30 ساڵ لە دامەزراندنی ناوچەی ئارام هێشتا گەلی کورد نەگەیشتووە بە هەموو ئامانجەکانی".
سەرۆك بارزانی گوتی: "به پێویستی دهزانم، سووپاسی سهرۆك بووش، سهرۆك میتران، مهدام میتران، سهرۆك ئۆزال، و سهرۆك وهزیران جۆن مێجهر بكهم بۆ ئهو ههڵوێست و بڕیاره بوێرانهیان".
ھەروەھا سەرۆك بارزانی گوتیشی: "ئێستاش گهلی كوردستان، نهگهیشتووه به ههموو ئامانجهكانی و به قۆناغی كۆتایی، هێشتا مهترسی زۆر گهوره ههیه لهسهر ههرێمی كوردستان، داواكارم ئهو پشتیوانیی و پشتگیرییه بهردهوام بێت. داواكارم پاراستنی خهڵكی كوردستان له ئهولهویهتی ئێوهدا بێت".
جەیمس بەیکەر وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمەریکا یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووان، باسی ئەو دیمەنانەی کرد لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ سەر سنوورەکانی باشوور و باکووری کوردستان بەچاوی خۆی بینیونی و بوونەتە هۆی ئەوەی داوا لە جۆرج بووشی باوک و دیک چینی بکات دەستبەجێ بڕیارێک بدەن.
جەیمس بەیکەر وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا: "ئەو کاتەی من ئاگادارکرامەوە لە گەشتێكدا بووم و دەمویست بچم بۆ ئیسرائیل؛ بەڵام گوتیان دۆخی سەر سنوور زۆر خراپە و کارەساتێکی مرۆیی لەوێ روویداوە. منیش بە فڕۆکەکەم کە جۆری 7 ئۆ 7 بوو چوومە دیاربەکر و لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێل چووینە سەر سنووری تورکیا و عێراق. بەڕاستی کارەساتم بەچاوی خۆم بینی ئەو هەموو خەڵکە لەوێبوون، بەبێ پەناگە، بێ خواردن دنیا ساردبوو و داریان دەبڕی و خۆیان پێ گەرم دەکردەوە. دۆخەکە هەتا بڵێی خراپ بوو، دەستم دایە تەلەفۆن و قسەم لەگەڵ سەرۆک بووش کرد و پێمگوت: دەبێت هەر ئێستا کارێک بکەیت، ئەویش دەستبەجێ گوتی باشە. داواشم لێکرد تەلەفۆن بۆ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بکات بۆ هەماهەنگی مرۆیی. دواتریش لە گەڕانەوەم قسەم لەگەڵ دیک چینی کرد، کە ئەوکات وەزیری بەرگری بوو، چونکە ئەو دەبوو سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکە بکات."
برێت مەکگۆرک هەماهەنگیکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بەناوی ئیدارەی بایدنەوە پشتیوانی خۆی بۆ گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
برێت مەکگۆرک هەماهەنگیکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا گوتی: "بەدڵنیاییەوە بەناوی سەرۆک بایدنەوە، کە دۆستێکی نزیک کوردە و ئەزمونێکی زۆری لەگەڵ کورد هەیە دەمەوێت بەناوی سەرۆک بایدنەوە پشتوانی بەهێزی ئەمەریکا بۆ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات بکەمەوە. ناوچەی ئارام سەلماندی، ئەگەر ئێمە مرۆڤایەتی بکەینە سەرمەشقی کارەکانمان لە سیاسەتی دەرەوە دەتوانین چەندە کاری باش بکەین. لەم ئیدارەیەشدا ئەم سیاسەتە جێبەجێدەکرێت. دوای 30 ساڵ ئێستا هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە و جێگەی شانازییە. بەناوی سەرۆک بایدن و ئیدارەکەیەوە شانازی دەکەم، کە دۆست و هاوپەیمانی ئێوەین و زۆر چاوم لەوەیە لەنزیکەوە یەک بە یەکتان ببینم."
یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا گوتی: دوای 1991 و ناوچەی ئارام دوو هاوپەیمانی سەربازی دیكەمان لەگەڵ کورد و پێشمەرگە کردووە و هەردووکیشیان زۆر سەرکەوتوو بوون.
دەینا سترووڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: "بەناوی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگرییەوە سڵاوم هەیە بۆتان، یادی 30 ساڵەی ناوچەی ئارام یادی رێککەوتن و هاوپەیمانیەکی زۆر بەهێزی نێوان هەردوو گەلی ئەمەریکا و کوردە، کە تا ئێستاش بەردەوامە. با من ناوی لێ بنێم هاوبەشی ستراتیژی. ئۆپەراسیۆنی دامەزراندنی ناوچەی ئارام گەورەترین ئۆپەراسیۆنی مرۆیی بوو لە مێژوودا. لە ماوەی 3 مانگی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزی ئاسمانی 7 هەزار تۆن هاوکاریان گەیاندە خەڵکی کوردستان. ئازایەتی گەلی کورد و رەتکردنەوەی ژێر دەستی رژێمە دیکتاتۆرەکەی سەددام و چوونەوە بەگژیدا جێگەی رێز و پێزانینە و هەڵوێستکی قارەمانانەیە. 12 ساڵ دوای ئۆپەراسیۆنەکە سوپای ئەمەریکا و پێشمەرگە جارێکی دیکە لە هاوپەیمانیەکی دیکەدا بۆ رووخاندنی رژێمی سەددام یەکیانگرتەوە. لە یادی 20 ساڵەشیدا پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان پێکەوە شەڕی لەناوبردنی داعشیان کرد. ئەمڕۆ و دوای 30 ساڵ پەیوەندی و هاوپەیمانی نێوان هێزە سەربازییەکانمان لە هەمووکات بەهێزترە. بەناوی وەزیر و وەزارتی بەرگرییەوە جارێکی دیکە دەڵێم شانازی دەکەین بە دۆستایەتی و هاوپەیمانی ئێوە."
هەریەک لە هۆشیار زێباری سیاسەتمەدار و جێگری پێشووی سەرۆک وەزیران و وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق، جۆن ئەبی زەید، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەو کاتی سوپای ئەمەریکا، جەیمس جۆنز، فەرماندەی ئەو کاتی هێزی مارینزی ئەمەریکا، جەی گارنەر، جەنهڕاڵی خانەنیشنکراوی سوپای ئەمەریکا رۆڵیان لە دامەزراندنی ناوچەی ئارامدا هەبووە و بەشداری ئیڤێنتە تایبەتەکە بوون و بیرەوەری و تێڕوانینی خۆیان دوای 30 ساڵ لە ناوچەی ئارام خستەڕوو.