بایدن: بەرەنگاری مەترسییەکانی ئێران دەبینەوە
"بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکەین"
K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەمەریکا لە یەکەم گوتاریدا دوای 100 رۆژ رایدەگەیەنێت هەموو هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران و کۆریای باکوور دەدەین.
لە گوتارێکدا بەبۆنەی 100 رۆژ لە دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمەریکا، جۆو بایدن رایگەیاند، ئیدارەکەی خراپترین دۆخی تەندروستی و ئابووری بۆ ماوەتەوە، بەڵام بە دیموکراتی متمانە بۆ هاووڵاتییان گەڕایەوە.
بایدن جەختیشی، لەسەر پارێزگاری لە بوونی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای جیهان کردەوە و گوتی "بە راوێژ لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان و لە رێگەی دیپلۆماتی و وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە، هەموو هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران و کۆریای باکوور دەدەین".
لەبارەی چین و رووسیاشەوە سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەی خستەڕوو، نایەوێت هیچ ناکۆکییەک لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا دروست بکات، بەڵام بەهەموو شێوەیەک پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات.
گوتارەکەی بایدن لەلایەن کۆمارییەکانەوە رەخنەی ئاڕاستە کرا و سیناتۆر تیم سکۆت، نوێنەری ویلایەتی ساوس کارۆلاینا رایگەیاند "پێشنیارەکانی بایدن چارەسەری قەیرانە تەندروستی و ئابوورییەکان ناکات".