"نزیکەی سەدا5ی عێراقییەکان بەهۆی تیرۆرەوە دەمرن"
لە ساڵێکدا1200 کەس لە عێراق بوونەتە قوربانی
K24 - هەولێر
بەپێی دوایین زانیاری دەستەی مافی مرۆڤی عێراق، ساڵانە 600 کەس بەهۆی کاری تێکدەرانەی تیرۆرستان دەبنە قوربانی.
دەستەی مافی مرۆڤ لە عێراق ئاشکرایکرد، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە دەستی گرووپە تیرۆریستییەکان بوونەتە قوربانی لە نێوان ساڵانی 2019-2020دا زیاتر لە 1200 کەس بوونە.
سەرەڕای ئەوەی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 حکومەتی عێراق پاککردنەوەی تەواوی خاکی عێراقی لە داعش راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا لە چەندین ناوچەی عێراق چەکدارانی داعش بەردەوامن لە تەقینەوە و هێرشی چەکداری.
عەلی بەیاتی ئەندامی دەستەی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند "تیرۆرستان ئامانجیان هەموو پارێزگاکانە و ساڵانە بەهۆی تیرۆرەوە زیاتر لە 600 هاووڵاتی لە عێراق دەبنە قوربانی".
راشیگەیاند، لە سەدا 4 - 5 ی مردن لە عێراق بەهۆی کاری تیرۆریستییەوەیە و ئەوەش رێژەیەکی بەرزە و پێویستی بە چارەسەرێکی هەمیشەیی هەیە.
محەمەد هادی