تاران.. كه‌ره‌سته‌ی فریاگوزاری 300 هه‌زار كه‌س له‌به‌ر ده‌سته‌

K24 - هه‌ولێر:

جێگری شارەوانی تاران رایگه‌یاند، لە کاتی روودانی هەرچەشنە قەیرانێك، تەنیا کەرەستەی فریاکەوتنی 300 هەزارکەس لە بەردەست دایە.

ئەحمەد سادقی، بە ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی راگەیاند، ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیران لە تاران  کەرەستەی گیاندنی فریاکەوتنی خێرا بۆ یەک ملیۆن و ٢٠٠هەزار کەس پێویستە.

لە لایەکی دیکەوه‌، ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"، لە زمانی بەڕێوەبەری نووسینگەی بوومەلەرزەناسییەوە، لە بارەی کێشەی پێکهاتەی کۆنی شاری تاران رایگەیاند، ئەگەر بوومەلەرزەیەك به‌ ٦ پله‌ به‌ پێوه‌ری رێختەر، تاران بلەرزێنیت، یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست دەدەن.

عەلی بەیتوڵڵاهی، بە ئاژانسه‌كه‌ی گوت: "جەمسەرەکانی بوومەلەرزەی باکووری تاران لە ناوچەی تەجریش، باکوور و باشوور و شاری رەی، مەترسیدارترین جەمسەرەکانی بوومەلەرزەن و جگە لەمانە، ژێر شاری تاران زیاتر لە 50 جەمسەری بچووکیشی تێدایە".