بایدن: بەرەنگاری هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران دەبینەوە

بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا و جیهان

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا

K24 – ھەولێر:

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە گوتارەکەیدا لە کۆنگرێس جەختی لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران و کۆریای باکوور کردەوە.

جۆ بایدن گوتی: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا و جیهان و لەگەڵ هاوپەیمانان بەرەنگاری دەبینەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: "بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و کۆریای باکوور هەڕەشەی جددین بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا و جیهان. لە نزیکەوە لەگەڵ هاوپەیمانانمان کار دەکەین بۆ ئەوەی بە ئاراستەی دیپلۆماسی و ئاراستەی دیکە بەرەنگاری هەڕەشەکانی هەردوو وڵات ببینەوە".

سەبارەت بە ئەفغانستان و كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە، بایدن گوتی: "سەرکردایەتی ئەمەریکا شەڕی ئەفغانستانی کۆتایی پێهێنا. ئێمە بەهێزترین هێزی شەڕکەری جیهانین و من یەکەم سەرۆکم لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا باش لەو هەستە تێدەگەم کاتێک کوڕێکت لە زۆنی شەڕدا بێت. کوڕانی ئێمە لە هەمان زۆنی شەڕەکانی پێشوو لە شوێنی باوکانیان خزمەت دەکەن. سەربازمان لە ئەفغانستان هەیە کە لە دایکبووی دوای رووداوەکانی 11ـی سێپتێمبەرن".