لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکانی رووسیا و ئەمەریکا زۆر خراپترە لە سەردەمی شەڕی سارد

مۆسکۆ ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن ئاسایی بکاتەوە

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ

K24 – ھەولێر:

وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند؛ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا لە سەردەمی شەڕی سارد خراپترە.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاشكرایكرد، "مۆسکۆ ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن ئاسایی بکاتەوە، بەڵام دەبێت ئەوانیش هانی هاوپەیمانەکانیان نەدەن دژ بە رووسیا و چین".

لاڤرۆڤ گوتی: "لە ماوەی شەڕی ساردا، گرژییەکان زۆر بوون و ئەگەری روودانی قەیرانی مەترسیداریش هەبوون. بەڵام بەردەوام رێزگرتنی هاوبەش هەبووە. بەڵام بەلای منەوە ئێستا ئەم رێزگرتنە کەمبووەتەوە".

گوتیشی: "وڵاتانی رۆژئاوا ناتوانێت یاخود نایانەوێت لایەنەکان هان بدەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی مینسک".

وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختیكردەوە، "کۆنترۆڵکردنی سنوور دوا هەنگاوی ئێمەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە لە دەستووری ئۆکراینادا تایبەتمەندییەکیان هەیە و هەروەها داوادەكەین هەڵبژاردنێکی ئازاد بە سەرپەرشتی رێکخراوی ئاسایش و هەماهەنگی ئەوروپا رێکبخرێت".