دادگایەکی تایبەت بە دادگاییكردنی چه‌كدارانی داعش و به‌ به‌ڵگه‌كردنی تاوانه‌كانیان دادەمەزرێت

بەڵگەی تاوانەکانی داعش کۆدەکرێنەوە

سەرۆكایەتی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی ھەولێر
سەرۆكایەتی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی ھەولێر

K24 – ھەولێر:

دیندار زێباری رایگەیاند، داعش لەسەر سێ تاوان لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆ دەستی بە کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی داعش کردووە و هەزاران بەڵگەش رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان کراون. ئەمەش بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادگایەک بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دەکات.

دامەزراندنی دادگاکە بەو پرۆژە یاسایە دەبێت، کە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی کردووە و وا دەکات ئیدی پێویست نەکات تاوانبارانی داعش ببرێنە دادگای لاهای و نێودەوڵەتییەکان بەڵکو لە هەرێمی کوردستان دادگایی دەکرێن.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی" تاوانبارانی داعش بە تۆمەتی سێ تاوان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوانیش تاوانەکانی جەنگ و کۆمەڵکوژی و دژی مرۆڤایەتی، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی هەزاران بەڵگەی لەسەر تاوانەکانی داعشی کۆکردووەتەوە لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نوسینگەیەکی تایبەت بە  کۆکردنەوەی تاوانەکانی داعش دامەزراوە و  دادگای لێکۆڵینەوەی نێوەدەوڵەتیش دەستی بە راهێنان  و پێدانی زانیاری کردووە بۆ بەهێزکردنی دادوەرانی ئەو دادگایە".

پەرلەمانی کوردستان چاوەڕێی ئەوەیە لەم نزیکانە پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعشی پێبگات، پرۆژەکەش بە گرنگ دەزانن و دەخرێتە پێشینەی بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستانەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە رایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکی سەرشانیانە تیرۆرستانی داعش رووبەڕووی دادگا بکەنەوە. یاساکەش دوای په‌سه‌ندکردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه،‌ چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش دادەڕێژێت لە ڕێگەی پێکهێنانی دادگایەکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بە بەشداری تیمی لێکۆڵینه‌وه‌ی نێودەوڵەتیی بۆ لێپێچینەوە له‌ تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، کە هاوکار دەبێت لە ڕووی کۆکردنەوەی بەڵگەکان.