مەكێنزی: ئهمهریكا نیازی کشاندنەوەی هێزەکانی لە عێراق نییە
"میلیشیاکانی سەر بە ئێران، رۆڵێکی خراپ لە عێراق دەگێڕن و مەترسی راستەوخۆیان لەسەر سەروەری ئەو وڵاتە درووستکردووە"
K24 – ھەولێر:
ژەنەڕاڵ کێنێت مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا دووپاتیكردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان نیازی کشاندنەوەی هێزەکانی لە عێراق نییە و لەسەر داوای حکومەتی ئەو وڵاتە ماونەتەوە، ئاماژەشیكرد، شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە، بۆیە بە هاوکاری هاوپەیمانان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبین.
لە کاتێکدا ئەمەریکا بڕیاری داوە تەواوی هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە، بەڵام جەخت لەسەر مانەوەی هێزەکانی لە عێراق دەکاتەوە.
ژەنەڕاڵ مەکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، "لەسەر داوای حکومەتی عێراق، هێزەکانیان لەو وڵاتەدان، شەڕی داعشیش کۆتایی نەهاتووە، بە هاوکاری هاوپەیمانان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبن".
مەکێنزی رۆڵی هێزەکانی عێراقی لە بەرەنگاربوونەوهی داعش بە گرنگ زانی و گوتی: "عێراقییەکان خۆیان شەڕی مەیدانی تیرۆر دەکەن، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، خۆیان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەدوور گرتووە و تەنیا پشتیوانی و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی عێراق دەکەن".
دەربارەی داهاتووی هێزەکانیشییان لە عێراق، مەکێنزی دووپاتیکردەوە، گفتوگۆی ستراتیجی بەغدا و واشنتن، چارەنووسی ئەو هێزانە دیاریدەکات، لە هەمان کاتدا گوتی: "لەو باوەڕەدا نییە، بەم زووانە عێراق بەجێبێڵین".
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "میلیشیاکانی سەر بە ئێران، رۆڵێکی خراپ لە عێراق دەگێڕن و مەترسی راستەوخۆیان لەسەر سەروەری ئەو وڵاتە درووستکردووە، راستە هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، بەڵام هەڕەشە لە عێراق و حکومەتەکەشی دەکەن".
لەبارەی هەڵویستی سەربازی بەرامبەر بە ئێران، مەکێنزی روونیکردەوە، "هیوادارن تاران خواستی كەوتنە شەڕی لەگەڵ ئەمەریکا نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتەکەی رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی هێزەکانی".
لە کۆتاییدا جەنەڕاڵ مەکێنزی گوتی: "لەسەر بڕیاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بەرلە 11ی سێپتێمبەر، تەواوی هێزەکانیان لە ئەفغانستان دەکشێننەوە".