پارتی وادەی بەستنی کۆنگرە دوا دەخات
بڕیاربوو لەم مانگەدا پارتی کۆنگرەی 14ی ببەستێ

K24 – هەولێر
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، بەهۆی کۆرۆنا و هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی کۆنگرەی 14ی پارتی دوا دەخرێت.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بڕیاربوو لە مانگی ئایاری ئەمساڵ کۆنگرەی 14ی پارتی ببەسترێ، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا و هەڵبژاردنەکانی عێراق دوا دەخرێت".
پێشتر فازڵ میرانی، سكرتێری مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندبوو، لە 26/5/2021 کۆنگرەی 14ی پارتی دەبەسترێت، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا و هەڵبژاردنەکانی عێراق پارتی وادەی بەستنی کۆنگرە دوادەخات.
پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێکە لە حزبە دێرینەکانی کوردستان و ئێستا گەورەترین حزبی کوردستانە. تائێستا ئەو حزبە 13 کۆنگرەی بەستووە، یەکەم کۆنگرەی پارتی لە 16ی ئابی ساڵی1946 لە بەغدا بەستراوە.