دوای ھێرشێكی تالیبان 30 سەربازی ئەفغانستانی بێسەروشوێن بوون
ھێرشێكی تالیبان بۆ سەر پێگەیەكی سوپای نیشتیمانی لە شاری غزنی لە درەنگانی ھەینی، بووە ھۆی شەڕ و پێكدادانێكی توند لە نێوان ھەردوو لایەندا
K24 – ھەولێر:
میدیا ناوخۆییهكانی ئهفغانستان رایانگەیاند، دوای ئەوەی تالیبان ھێرشێكی كردە سەر پێگەیەكی سەربازی لە ویلایەتی غهزنی لە باشووری رۆژھەڵاتی ئهو وڵاته، بەلایهنی كەم 30 سەرباز بێسەروشوێن بوونە.
پێگەی كەناڵی "تلوع نیوز"ی ناوخۆیی لە خالید داد ئەكبەری، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوچەیی لە ویلایەتەكە گواستووەتەوە، كە گوتوویەتی: ھێرشێكی تاڵیبان بۆ سەر پێگەیەكی سوپای نیشتیمانی لە شاری غهزنی لە درەنگانی ھەینی، بووە ھۆی شەڕ و پێكدادانێكی توند لە نێوان ھەردوولا.
ئەكبەری روونیكردەوە، "تاڵیبان قووگه سهربازییهكهی كۆنترۆڵكرد"، ئاماژەشیكرد، شەڕ وپێكدادانەكان تا سەرلەبەیانی رۆژی شەممە بەردەوام بوو.
ھەروەھا پێگەی كەناڵەكە لە سەرچاوەیەكی دیكەی شاری غهزنی گواستووەتەوە، "بەلای كەمەوە 30 سەرباز لەو پێگەیه بوون، بەڵام دوای شەڕەكە بێسهروشوێن بوون".
تا ئێستاش بزووتنەوەی تاڵیبان ھیچ زانیارییهكی لە بارەی ئەو ھێرشەوە نەدركاندووە.